حكومه‌تی عیراق داوای 307 ملیۆن دۆلار له‌ ئاسیاسێڵ و كۆڕه‌ك و زه‌ین ده‌كات

سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منییه‌ خراپه‌ی له‌ عیراقدا هه‌یه‌، كه‌چی حكومه‌ت داوای 307 ملیۆن دۆلار له‌ كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕه‌ك و زه‌ین ده‌كات.
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی Iraq directory، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی سیستمی 3G له‌ كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕه‌ك و زه‌ین داوا ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له‌و كۆمپانیایانه‌ش له‌ ساڵی 2007 بڕی یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار دۆلاریان داوه‌ بۆ كارپێكردنی سیستمه‌كانیان، بۆیه‌ وای ده‌بینن پێویست ناكات كارپێكردنی  سیستمی 3G مۆڵه‌تی بۆ وه‌ربگیرێ و پاره‌ی دیكه‌ بۆ ئه‌و بواره‌ بده‌ن.
سایته‌كه‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و داوایه‌ی حكومه‌تی عیراق، بێ بنه‌مایه‌، چونكه‌ دامه‌زراندنی سیستمی 3G پاره‌یه‌كی زۆری تێچووه‌، هاوكات به‌رپرسانی ئاسیاسێڵ و كۆڕه‌ك هیچ لێدوانێكیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.
عیراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ هێشتا پشت به‌ سیستمی 2G  ده‌به‌ستێت بۆ گۆڕینی سیستمه‌كه‌ش بۆ 3G، حكومه‌تی عیراق داوای 307 ملیۆن دۆلاری له‌و كۆمپانیایانه‌ كردووه‌.
خەندان