بەپێی راپۆرتێكی لیژنەی بەدواداچونی مۆلیدە ئەهلییەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی زۆربەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە شاری سلێمانی پابەندن بەو مەرج و رێنماییانەی كە بۆیان دەستنیشان كراوە.
فریاد عبدالرحمن سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی مۆلیدە ئەهلییەكانی لە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: پاش سەردانكردنی لیژنەكەیان لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا (105) شوێنیان لە سلێمانی دا بەسەر كردووەتەوە و رێنمایی پێویستیان پێداوان بۆئەوەی پابەندی خشتەی پێدانی كارەبا بن كە مانگانە لە قائیمقامییەتی سلێمانی بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی دیاری دەكرێت.
ووتیشی پاش سەردانكردن و بەدواداچوونكردن بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان لە مانگی 8 و 9/ 2014 (172) سەردان هەبووە و (11) شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە غەرامە كراون و جۆری سەرپێچییەكانیش بریتی بوون لە (درەنگ ئیشپێكردنی مۆلیدەكان، كێشەی پارەی وەرگرتنی ئەمپێر لە بری كیلۆ وایت، دانانی مۆلیدەی زیادە لە دەوروبەری مۆلیدەكانیان و دانانی ژمارە مۆبایلی هەڵە لەسەر تابلۆی زانیاری مۆلیدەكان هەروەها پابەند نەبوونی خاوەنی مۆلیدەكان بە گێرانەوەی ئەو برە پارەیەی كە دەبوایە لە مانگی 7 دا بە پێی خشتەی پێدانی كارەبای مانگی 7 بگەرێندرایەتەوە بۆ هاوڵاتیان).
سەرۆكی لیژنەكە رایگەیاند گەڕان و بەسەركردنەوەكانیان لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بەردەوام دەبێت و هەر مۆلیدەیەك پابەند نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و ئاگادار دەكرێتەوە كە لە ماوەیەكی كەمدا مەرج و رێنماییەكان جێبەجێ بكات.