هەرێم.. 50% خواست لەسەر پیاز زیادیكردوە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان, لەماوەی حەوت ساڵ دا، ڕێژەی بەکاربراوی پیاز زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە, کە زیاتر لە نیوەی ئەم رێژەیە پیازی ھاوردەکراو بووە, تەنیا 2 ساڵ توانراوە بە بەرھەمی ناوخۆ 50%ی پێویستی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە.
 
ھەر بەپێی ھەمان ئامار لەساڵی 2007دا 56 ھەزار و 527 تۆن بووە و ئەم رێژەیە لە ساڵی 2014 بووە بە 114 ھەزار و 509 تۆن پیاز, واتە لەماوەی حەوت ساڵدا بڕی بەکاربراوی پیاز 57 ھەزار و 982 تۆن پیاز زیادی کردووە, بە گشتیش بەھەر حەوت ساڵەکە 577 ھەزار و 585 تۆن پیاز خووراوە, زۆرترین رێژەی پیازی بەکاربراویش پیازی ووشک بووە.
 
 
وەک لە ئامارەکەدا ھاتووە, ساڵی 2007 بڕی بەکاربراوی پیاز لە ھەرێمی کوردستان, 56 ھەزار و 527 تۆن بووە, کە 14 ھەزار و 830 تۆنی خۆماڵی بووە, واتە رێژەی لە 26%ی بڕی پیازی بەکاربراو, 41 ھەزار و 697 تۆنیش پیازی ھاوردە بووە, واتە رێژەی 74%ی بڕی پیازی بەکاربراو, ساڵی 2008 بەھەرسێ جۆرەکەی پیاز کە (پیازی سوور, پیازی سپی, پیازی سەوز)ن, 49 ھەزار و 126 تۆن پیاز بەکاربراوە, 13 ھەزار و 697 تۆنی پیازی خۆماڵی بووە, 35 ھەزار و 429 تۆنیش ھاوردە بووە, واتە بڕی پیازی بەکاربراو 7 ھەزار و 401 تۆن کەمی کردووە, 
 
 
ساڵی 2009 بەرھەمی ناوخۆیی 59% زیادی کردووە
ساڵی 2009 بەھەرسێ جۆرەکەی پیاز, 75 ھەزار و 77 تۆن پیاز بەکاربراوە, کە 35 ھەزار و 688 تۆنی پیازی خۆماڵی بووە, واتە 21 ھەزار و 991 تۆن بڕی پیازی خۆماڵی زیادی کردووە, 39 ھەزار و 444 تۆنیش ھاوردەکراو بووە, واتە 4 ھەزار و 15 تۆن بڕی ھاوردە زیادی کردووە.
 
ساڵی 2010 خواردنی پیاز بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە
ساڵی 2010 بەبەراوورد بە ساڵی 2009 بڕی بەکارھێنراوی پیاز 20 ھەزار تۆن زیادی کردووە و بووە بە 95 ھەزار و 920 تۆن, کە 64 ھەزار و 312 تۆنی ھاوردە بووە و 31 ھەزار و 608 تۆنی پیازی خۆماڵی بووە, واتە لەم ساڵەدا رێژەی بەرھەمی خۆماڵی رووی لەکەمی کردووە و بەرھەمی ھاوردە زیادی کردووە.
 
لەساڵی 2011ەوە پیازی ناوخۆ رێژەی 50%ی تێپەڕاند
ساڵی 2011 بڕی بەکارھێنراوی پیاز گەیشتووەتە 96 ھەزار و 971 تۆن, 44 ھەزار و 829 تۆنی ھاوردەکراو بووە, 52 ھەزار و 142 تۆنیش پیازی ناوخۆ بووە, واتە بڕی بەکارھێنراوی پیاز زیاتر لە 50%ی بەرھەمی ناوخۆ بووە و پیازی ھاوردە کەمی کردووە, ساڵی 2012 بڕی بەکاربراوی پیاز کەمی کردووە بووە بە 89 ھەزار و 455 تۆن, 42 ھەزار و 814 تۆنی ھاوردە بووە و 46 ھەزار و 645 تۆنی پیازی ناوخۆ بووە, واتە ئەوساڵەش رێژەی پیازی ناوخۆ 50% زیاتر بووە.
 
ساڵی 2013 بڕی 114 ھەزار و 509 تۆن پیاز بەکاربراوە, 61 ھەزار و 55 تۆنی ھاوردە بووە و 53 ھەزار و 454 تۆنی پیازی ناوخۆ بووە, واتە لەو ساڵەدا پیازی ناوخۆ کەمتر لە 50%ی پیازی بەکاربراو بووە و پیازی ھاوردە زیادی کردووە.
 
ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)ی وت ‌پیاز یەکێکە لەو سەوزە سەرەکییانەی کە رۆژانە لە سەبەتەی خۆراکی ھاوڵاتیاندا ھەیە, بە نیازین ساڵی داھاتوو بابەتی گرنگیدان بە پیاز بکەین بە پڕۆژە و یارمەتی تەواوی جوتیاران بدەین, بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئاستەی بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆی پیاز پشت بە بەبەرھەمی ناوخۆ ببەستین‌.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو, لە 15-1510 ھاوردەکردنی پیازی وشکی قەدەخەکردووە و لە 110-12 ھاوردەکردنی پیازی تەڕی قەدەخەکردووە, چونکە لەو کاتانەدا بەرھەمی ناوخۆ پێدەگات.