لە شاری سلێمانی گۆڕانكاری لە بڕی هێنانەناوەوەی ئەو بەروبوم و پێداویستیەكاندا دەكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم هاوردەدەكرێت و بە رەچاوگرتنی گۆڕانكاری وەرز و خواستی هاوڵاتیان و هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەی كە روویان لە سنوری پارێزگاكەدا كردووە رێك دەخرێت ,
چوار شەممە 15/10, لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی پێداویستی پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆی بڕیاردرا بەپێی گۆڕانكاری وەرز و ئەو ژمارە بەرچاوەی ئاوارە كە روویان لە سنوری پارێزگاكە كردووە پێداچونەوە بە بڕی هێنانەناوەوەی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكرێت ,
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رێژەی هاوردەكردنی بەروبوم و پێداویستیەكان بە پێی خواستی هاوڵاتیان رێكبخرێت و لە 15 ئەم مانگەوە تا ناوەراستی مانگی داهاتوو هاوردەكردنی بەربوومەكان بەم شێوەیە رێگەی پێ بدرێت (هاوردەكردنی 800 تۆن گۆشتی مریشكی بەستوو, هاوردەكردنی 450 تۆن گۆشتی ماسی , هاوردەكردنی گۆشتی سور و هێلكەی مریشك بەپێی خواستی بەكارهێنانی هاوڵاتیان بێت و هەروەها رێگە بە هێنانەناوەوەی 3500 تۆن عەلەف بدرێت بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان و 250 هەزار هێلكەی تروكاندنیش بۆ كیڵگەكانی پەلەوەر رێگە پێدراو دەبێت).