لەڕێگەى ژوورى بازرگانیەوە فیزە بۆ بازرگانان وەردەگیرێت

باڵوێزى پاکستان لەعێراق سەردانى شارى سلیمانیکردوو لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى کۆبونەوە.
ئەمڕۆ رێکەوتی 15/10/2014 لەژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانی سیروان محەمەد سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانى ژوور پێشوازیکرد لە محەمەد ئیفتخار ئەنجم باڵیۆزی پاکستان لەعیراق و لەدیدارێکدا باس لەبارودۆخی بازرگانى سلێمانی کرا لەڕووی پێشکەوتنى کەرتى بازرگانى و  ئاوەدانکردنەوەو گەشتوگوزارو لەدیدارەکەشدا باڵیۆزی پاکستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەئاوەدانی و ئارامی شاری سلێمانی.
سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانی لەدیدارەکەدا تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییەکانی شاری سلێمانی و ئەو دەرفەتانەی کەبۆ بازرگان و کۆمپانیا بیانییەکان هەیە لەشارەکەدا.
ئاماژەى بەوەدا شارى سلێمانى یەکێکە لەو شارانەى بازرگانانى لە توانایاندا هەیە لە گەڵ سەرجەم ووڵاتانى جیهان بازرگانى بکەن وەک ئەوەى ئێستا هەیە.
سیروان محەمەد وتیشى” ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى کار ئاسانى تەواو دەکات بۆ بازرگانانى ووڵاتى پاکستان تا بێنە کوردستان و بتوانن کارى بازرگانى لە سەرجەم بوارەکاندا بکەن کە شارى سلێمانى یەکێکە لەو شارانەى لەسەر ئاستى عێرا یەکەمە لە پیشەسازیدا کە چەندین کارگەى گەورەى پیشەسازى تێدایە”
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى داواى لە سەفیرى پاکستانکرد کە بەشێوەیەکى ئاسان فیزەى پاکستان بۆ بازرگانان دابینبکەن تا بتواندرێت لە ڕێگەى ژوورى بازرگانیەوە بازرگانان بە کار و پیشەى ووڵاتى پاکستان ئاشنابن و بازرگانیەکى پتەو دروستبکەن بەتایبەت بازرگانى برنج کە ووڵاتى پاکستان یەکێکە لەو وڵاتانەى باشترین برنجى لەڕابردودا بەرهەم هێناوە و ئێستاش ئەو بازرگانیە برەو پێبدات لە هەرێمى کوردستاندا.
هەر لەو دیدارەدا محەمەد ئەنجم باڵیۆزی پاکستان لەعیراق کە یەکەمجارە سەردانی سلێمانی دەکات و ویستوویەتی لەنزیکەوە ئاشنای کەلتووری سلێمانی بێت و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو بەرەوپێشچوون و ئاوەدانییەی کە لەشاری سلێمانی ئەنجامدراوەو بەشارێکی ئارام و دڵگیری.
باڵیۆزەکەی پاکستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە هەوڵدەدات کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی هانبدات تاوەکو بێنە سلێمانی کار بکەن و لەڕێگەی تیمێکەوە سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی پاکستان بێنە سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی بکەن، بۆئەوەی هەماهەنگی هەبێت کە لەکام بواردا دەتوانن لەسلێمانی پرۆژە ئەنجامبدەن.
محەمەد ئیفتخار ئەنجم باڵیۆزی پاکستان ئەوەشى دوپاتکردەوە کە ووڵاتى پاکستان لە ئێستادا جۆرەها پێداویستى ئامادە دەکات و ڕەوانەى ووڵاتانى دەکات و بازرگانیەکى پتەو لەنێوان زۆربەى ووڵاتان دروستکرووە و هیوایخواست شارى سلێمانیش بە گرنگیەوە پەیوەندى لەگەڵ وڵاتەکەیان ببەستن.
ئاماژەى بەوەشدا بۆ لەمەودوا بازرگانانى سلێمانى دەتوانن لە ڕێگەى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیەوە داواى فیزەبکەن و ئێمەش بە خۆشحاڵیەوە بۆیان دابیندەکەین.