سەرۆك وەزیرانی فنلەندا دابەزینی ئاستی ئابووری وڵاتەكەی دەخاتە ئەستۆی كۆمپانیای ئەپڵ، بەوەی كە ئایفۆن بازاڕی نۆكیای كوشتووە و ئایپادیش پیشەسازی دروستكردنی كاغەزی فنلەندی دابەزاندووە.
ئەلێكساندەر ستوپ، سەرۆك وەزیرانی فنلەندا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ تۆڕی “CNBC”ی ئەمریكی، لەبارەی دابەزینی ئاستی ئابووری وڵاتەكەی لەم ساڵانەی كۆتاییدا، تیشكی خستەسەر هەردوو سێكتەری پیشەسازی و تەكنۆلۆژی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەوەدا، كە هۆكاری ئەم دابەزینە بۆ بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئەپڵ دەگەڕێتەوەو دەڵێت “دەتوانم بڵێم كە ئایفۆن بازاڕی نۆكیای كوشتووە و ئایپادیش پیشەسازی دروستكردنی كاغەزی فنلەندی”.
كۆمپانیای نۆكیا بە یەكێك لەو كۆمپانیایانە دادەندرا، كە لەرووی پیشەسازییەوە جێگەی شانازی بووە، لە فنلەندا پشكداری ئەو كۆمپانیایە لە گەشەی ئابووری فنلەندا بە رێژەی 25%بووە لە نێوان ساڵانی 1998 تاوەكو 2007.
بەر لە دەركەوتنی ئامێرە لەمسییەكان، نۆكیا بازاڕێكی چاكی هەبوو لە نێو ئامێرەكانی دیكەی پەیوەندیكردن.
ئێستاش بەهۆی دەركەوتنی ئایفۆن و ئایپاد، كە دوو بەرهەمی كۆمپانیای “ئەپڵ”ن، ئەو كۆمپانیایەش لەبواری دروستكردنی ئامێرە دیجیتاڵییەكان بازاڕێكی چاكی بۆ خۆی پەیداكردووەو كۆمپانیاكانی دیكەی بواری دیجیتاڵی لە كێبڕكێدان و كاریگەری لەسەر بازاڕەكانی ئەوانیش هەبووە.