یەك لیتر بەنزین بە ٤ هەزار دینارە

بەهۆی دابڕان و هێنانی پێداوێستییەكان بەشێوەی قاچاغ بۆ نێو شاری موسڵ نرخی كەلوپەل و پێداویستییەكان زۆر بەرزبۆتەوە، رێژەی بێكاری رادەبەدەربووە.
نرخی یەك لیتر بەنزین بە 4 هەزار دینار و نرخی یەك بوتڵ غاز 60 هەزار دینارە و كەمی داهات وای كردووە رێژەی هەژاری و بێكاری لە شاری موسڵ زیاتر ببێ.
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپارێزگای موسڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە: “بەپێی زانیارییەكانی بەردەستمان، رێژەی بێكاری لە شاری موسڵ گەیشتۆتە 80% و باشترین داهاتی خەڵكی موسڵیش ئەگەر بیانەوێ مووچە و پارەیان دەستكەوێ، دەبێ ببنە چەكداری داعش.”
سەعید مەموزینی ئەوەشی رایگەیاند: “پێش ئەوەی داعش موسڵ كۆنترۆڵ بكات، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ئەو شارە تا رادەیەك پشتگوێ خرابوو و رێژەی بێكاری گەیشتبووە پتر لە 60%  و  ئێستا و دوای هاتنی داعش رێژەكە زیاتر بەرزبووەتەوە و گەیشتۆتە 80% و رێژەی هەژاریش بەهەمان شێوە بەرزبووەتەوە.”
وەك ئەو بەرپرسە رایگەیاند: “هاتنی كەلوپەلەكان بەشێوەی قاچاخ دێتە موسڵ و بێجگە لە سووتەمەنی وەك بەنزین و گاز و غاز هەروەها خۆراك و پێداویستییەكانی دیكەش بە شێوە بەقاچاخ دەچێتە موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری.”
ئەو زیاتر وتی:” ژیانی هاووڵاتیانی موسڵ سەخت بووە، چونكە كار زۆر كەمە و زۆربەی هەر زۆری كۆمپانیاكان داخراون و هاوكات فەرمانبەران موچە زۆر بەكەمی وەردەگرن.”
وتیشی: “پێشتر بەشێكی زۆری گەنجی موسڵ بوونە چەكدار و پێشوازیان لەو رێكخراوە تێرۆریستییە كرد و پێیان وابوو وێرای وەرگرتنی مووچە، ژیانیان لە مەترسییەكان دەپارێزرێ و باشتر دەبن، كەچی ئێستا خەڵكی موسڵ بەهۆی شەڕی بەردەوامی ئەو رێكخراوەیە، ریزەكانی داعش بەجێ دەهێڵن.”
بە پێی زانیارییەكانی مەموزینی تەنیا دوای شەڕی رەبیعە ٧٨  چەكداری داعش كە خەڵكی موسڵ بوونە چەكیان فرێداوە و چوونەتە ماڵەوە.
بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافی  ئەو ناوچانەی كە داعش كۆنترۆڵی كردوون، دەروازەی سنووری هاتووچۆی لەگەڵ ئوردن، توركیا، هەرێمی كوردستان، عێراق و سوریا هەیە و لە زۆربەی ئەو دەروازانە كاری قاچاغ بەڕێوەدەچێ.