نرخی نەوت بۆتە خاڵی ڕكابەری نێوان سعودیە و ئێران

دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھاندا بووەتە ھۆی ركابەریی لە نێوان ئێران و سعودیەدا.
لە ئێستادا ئەو ركابەرییە بە سوودی سعودییە بەرەوپێشەوە دەڕوا و رێگرە لەبەردەم بەھێزبوونی ئابووری ئێران.
نرخی نەوت لە دابەزیندایە و دۆلاریش لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھاندا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دابەزیوە.
نرخی بەرمیلێك نەوت ٨٨ دۆلارە و گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێ كە ئەو دابەزینە دەبێتە ھۆی ركابەرایەتی یەكجار گەورە لە نێوان ئێران و سعودیەدا، كە بەشێكی زۆری ئابوورییان لەسەر نەوتە.
مەیر ژاڤەندافار ؛پسپۆڕی كاروباری ئێران لە ناوەندی ھەرزلیا؛ دەڵێ: “سعودیە بە نزمكردنەوەی نرخی نەوت ھەوڵ بۆ لاوازكردنی ئابووریی ئێران دەدا. سعودیە بەو پلانە دەیەوێ لە بواری سەربازیشدا ئێران لاواز بكا، چونكە ھێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئێران لە كەرتی وزەدا خاوەن پشكێكی زۆر گرنگن و لە وڵاتانی وەكو عێراق، سوریا، لوبنان و چەندین وڵاتی دیكە پشتگیری لەو گروپ و لایەنانە دەكەن كە دوژمنی سعودیەن.”
ژاڤەندافار  وتیشی: “ئێران لەبەرامبەر سیاسەتی نەوتی سعودیە زۆر نیگەرانە، بۆیە ھەوڵدەدا لە بازاڕە جیھانییەكاندا پێش سعودیە بكەوێ، بەڵام گەمارۆ و كاریگەرییەكانی لەسەر ئێران رێگرن لەوەی بتوانێ رێگری لە ھەوڵەكانی سعودیە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت بكا.” 
لەلایەكی ترەوە محەمەد ئۆغوتچو ؛سەرۆكی كۆمپانیای گلۆبال رەسۆرورەس؛ وتی: “ئێران دەیەوێ بۆ كەرتی ھایدرۆكاربۆنی خۆی كە كراوەتە ئامانجی گەمارۆكان سەرچاوی نوێی وزە دابین بكا، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت و پێشڕەوییەكانی داعش لە سوریا و عێراق و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، رێگرن لەو ھەوڵانەی ئێران.”