ناوچەی یۆرۆ لەژێر مەترسی قەیرانی داراییدایە

وەزیری دارایی بەریتانیا هۆشداری دەدات لە روودانی قەیرانێكی دیكە لە ناوچەی یۆرۆ. (جۆرج ئۆزبۆرن) وەزیری دارایی بەریتانیا رایدەگەیەنێت دوای بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانەی لاوازی ئەدای ئابوری ناوچەی یۆرۆ پیشان دەدەن پێدەچێت ئەو ناوچەیە روبەرووی قەیرانێكی دیكە ببێتەوە.
وتیشی: هەرچەندە وڵاتەكەی بەشێك نییە لە ناوچەی یۆرۆ بەلام كاتێكی هەستیارە بۆ ئابوری بەریتانیا ئەگەر  ناوچەی یۆرۆ روبەرووی قەیران ببێتەوە، بەوەی كاریگەری دەبێت لەسەر پیشەسازی‌و ئاستی هەناردەكانیان.
لێدوانی وەزیری دارایی بەریتانیا لە كاتێكدایە كە بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە نرخی سودی بە جێگیری لە لەسەدا  سفر پۆینت (5)دا هێشتەوە كە ماوەی پێنج ساڵە ئەو رێژەیە گۆرانكاری بەسەردا نەهاتووە.