عیراق نرخی نەوت دادەشكێنێت

هاوشێوەی سعودییە و ئێران کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) داشکاندنی نرخی نەوتی خاوی سووکی بەسرەی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا ڕاگەیاند ئەمە لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا گەورەترین داشکاندنی بەخۆیەوە بینیوە.
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ لە نووسراوێکدا  ڕایگەیاند: عیراق بۆ مانگی تشرینی دووەم نەوتی خاوی سووکی بەسرەی بە نرخی 3.15 $ لە خوار نرخی نەوتی عەمان و دوبەیەوە دەفرۆشێت بە کڕیارەکانی ئاسیا، ئەمە لە کاتێکدا لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی نەوتی خاوی سووکی بەسرە 2.50$ کەمتر بووە لە نرخی نەوتی عەمان و دوبەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان”.
هەروەها لە نووسراوەکەشدا ئاماژەی بەوەکردووە “کە نەوتی خاو بە 5.40$ لە خوار نرخی ڕۆژەوە بە ئەوروپا دەفرۆشن و نرخی نەوتیش بە کڕیارانی ئەمریکی گۆڕانی بەسەردا نایەت”.
دەشڵێت: “نەوتی کەرکوک بە داشکاندنی 3.95$ لە نرخی ڕۆژ بە بازاڕەکانی ئەوروپا دەفرۆشرێن”.
لەلای خۆیەوە دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: ئەم هەنگاوانەی عیراق و سعودییە و ئێران بەهۆی ئەندامبوونیانەوه‌ لە ڕێکخراوی ئۆپێک، بەڵام هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و ئەندام نییە لەو ڕێکخراوە، بۆیە هەر بەو نرخانە دەیفرۆشێت کە لە بازاڕەکانی جیهاندایه‌”.
لەئێستادا ئەو دوو جۆرە نەوتەی کە زۆرترین بازرگانی پێوەدەکرێت نەوتی (خاوی برێنت و WTI)یه‌ كه‌ گەورەترین دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە لە چوار ساڵی ڕابردوودا.
بەپێی ئاژانسی ڕویتەرزیش ئەمڕۆ حکومەتی سعودییە بە کۆمپانیا نەوتییەکانی بازاڕی نەوتی وتووە “خۆتان لەگەڵ نرخی کەمیی نەوتدا ڕابهێنە”.
هەروەها سعودییە ئاشكرایكردووه‌، کە ئامادەیە دابەزینی نرخی نەوت بۆ 90$ تەنانەت بۆ 80$یش قبوڵبکات.
بڕیاروایە لە  27-ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەوەی ئایا وڵاتانی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەتوانن بەرهەمهێنانی نەوت تا سەرەتای 2015 بگەیەننە 30 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.