ئاماری سلێمانی :زۆرترین رێژەی بێكاری لەناو توێژی گەنجاندایە

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی،زۆرترین رێژەی بێكاری لەناو توێژی گەنجاندایە و ئێستا ژمارەی دانیشتووانی باشووری کوردستان 8 ملیۆن و 132 هەزار کەسە و سەدا 21 ی دانیشتووانی گەنجن، کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵیدایە.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی رایگه‌یاند “ئەو تەمەنەی دیاریکراوە لە سەرانسەری جیهان گرنگیان پێدەدرێت، چونکە هێزی کارن و  بەپێی ئامارەکان دەرکەوتووە هەر خێزانێک لەلایەن کەسێکی خوار تەمەنی 30 ساڵی سەرپەرشتی بکرێت، ئەو خێزانە نەبوونییان کەمترە”.
بە گوتەی مەحموود عوسمان، دوای رووخانی رژێمی بەعس (2003) گەشەکردنێکی بەرچاو لە باشووری کوردستان هاتووەتە ئاراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەنجان داوە، بە جیاواز لە هەمان توێژی گەنجان لە سەردەمی پێشووتر دەرفەتی کار، بژێوی ژیان و تەندروستیان باشترە و زۆربەیان خوێندنیان تەواوکردووە.
مەحموود عوسمان ئەوەش ناشارێتەوە کە زۆرترین رێژەی بێکاران لە هەمان توێژی گەنجاندایە و ئەوە دەخاتەڕوو، “لە جیهاندا رێژەی گەشەی دانیشتووان 1.6 ـە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە عێراقدا گەشەکردنی رێژەی دانیشتووان 3%ـە، واتە لە وڵاتانی دیکە شێوەی هەڕەمی هەڵگەڕاوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شێوەی هەڕەمییە، بەڵام لە باشووری کوردستان گەشەی دانیشتووان هێلکەییە و واتە؛ تەمەنی گەنجمان زۆرترە”.
گوتیشی “باشووری کوردستان لە رووی گەشەی دانیشتووان و چاودێری و دابینکراییەکانەوە براوەی وڵاتانی ناوچەکە بووە، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا پێش عێراق کەوتووینەتەوە، لە رووی نەبوونی، پەروەردە، دابینکردنی خزمەتگوزاری، کەمکردنەوەی جیاوازی رەگەزی، رۆشنبیری، ئاسایش و ئازادی لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە باشتربووین”.
نەتەوەیەگرتووەکان هەوڵی گەشەپێدانی مرۆیی داوە و  دەیانەوێ تا ساڵی 2015 بگەنە ئاستێکی گەشەپێدانی دانیشتووان و 189 وڵات واژۆیان لەسەر کردووە، کە دەبێ تا ساڵی 2015 بەشێک لەو وڵاتانە ئاستی خوێندەواریان بگاتە سەدا سەد، هەروەها کەمکردنەوەی هەژار و گەشەپێدانی بواری تەندرووستی. لەمبارەیەوە بۆ باشووری کوردستان د. مەحموود گوتی: “ئەو پێوەرانەی لەو وڵاتانە بۆ گەشەی دانیشتووان دانراون لە باشووری کوردستان لە زۆر بوار بەر لە ساڵی 2015  ئێمە پێیگەیشتووین، ئەمە لەکاتێدا ئێمە سفربووین و لەهەموو رووێکەوە دواکەوتووبووین”.
ئەمڕۆ، رۆژی دانیشتووانی جیهانە و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ درووشمی “سوودوەرگرتن لە گەنجان” هانی دەستڕۆیشتووان دەدات یارمەتی گەنجا بدەن. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی 7 ملیار و 180 ملیۆن کەس دەبێت و لەو رێژەیەش سەدا 26 ی گەنجن و لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵیدان، كە دەكاتە یەک لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووانی جیهان.