حكومەتی بەریتانیا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی لەسەر پێنج كۆمپانیای ئێرانی و كارسازێكی ئەو وڵاتە بە ناوی بابەك زەنجانی ھەڵوەشاندەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی خەزێنەداری بەریتانیا بەدەست كەوتووە، حكومەتی بەریتانیا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی بۆ سەر ھەر یەك لە ناوەندی بازرگانی سۆرینت، زانكۆی تەكنیكی شەریف، كۆمپانیای نەتەوەیی نەوتی ئێران، كۆمپانیای دڵنیایی معلم ( بیمە) و بانكی سینای ئێرانی دەركردووە و ھاوكات حكومەت بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی سەر كارسازی ئێرانی بابەك زەنجانیشی راگەیاندووە.
بە پێی لێدوانی چاپەمەنی وەزارەتی خەزێنەداری بەریتانیا، ئەو بڕیاری حكومەتی بەریتانیا دوای بڕیاری دادگای یەكێتی ئەوروپا لەو بارەوە دەركراوە.
پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و بەریتانیا تا رادەیەك ئاسایی بوونەتەوە. سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا و سەركۆماری ئێران مانگی رابردوو لە نیویۆرك دیدارێكیان ئەنجام دابوو، ئەو دیدارە یەكەمین دیداری باڵای سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا و سەركۆماری ئێران لە دوای شۆڕشی ئێرانە لە ساڵی 1979. لە سەردەمی سەركۆماری مەحمود ئەحمەدینەژاد دا لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ پەیوەندی نێوان ئێران و بەریتانیا ئاڵۆزی زیاتری بە خۆیەوە بینی.
دواتر لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١ بە ھۆی پەسەند كردنی بڕیاری گەمارۆی نوێ لە لایەن بەریتانیاوە بۆ سەر ئێران و ھێرشی ئێرانییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران، پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە گەیشتنە خاڵی پچڕان و ھەر دوو وڵات بڕیاری داخستنی بالیۆزخانەكانی خۆیانیان دەركرد.