عێراق،قەرزی نیشتەجێبونی بۆ (50) ملیۆن دینار زیاد دەكات

حکومەتی عێراق قەرزی سندوقی نیشتەجێبون بۆ (50) ملیۆن دینار زیاد دەکات و روبەری زەویش بۆ (75)م کەمدەکاتەوە.
تاریق خەیکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح) رایگەیاند: بڕی قەرزی سندوقی نیشتەجێبونمان بۆ (50) ملیۆن دینار زیادکردوەو روبەری زەویشمان بۆ پێدانی قەرزەکە بۆ (75)م کەمکردوەتەوە، جگەلەوەش (19) کۆمەڵگەی نیشتەجێبون تەواو کراون و بەسەر سودمەندبواندا دابەشکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی (53) کۆمەڵگەی دیکەی نیشتەجێبون لە چەند پارێزگایەک، ئەوەش بە راسپاردەی وەزارەتەکەیان بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبون.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن باسی بەرنامەی وەزارەتەکەی کردو ئەوەی خستەڕو، بەپێی ئەو بڕە پارەیەی ساڵی رابردوی وەزارەتەکەیان کە لەبەردەستیاندایەو دەگاتە تریلیۆنێک و (513) ملیار دینار، بڕی (766) ملیار دیناریان بۆ کەرتی رێگاوبان و پردەکان تەرخانکردوە، (575) ملیار دیناریش بۆ کەرتی نیشتەجێبون و (172) ملیار دیناریش بۆ بیناکانی سەر بە حکومەت تەرخانکراون.
هەر سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبون، وتی: لەئێستادا (113) هەزار و (673) یەکە تەواوکراون، لەو ژمارەیەش (8159) یەکەیان رادەست کراون و (568) یەکەش ئامادەیە بۆ ئەوەی رادەست بکرێن، جگەلەوەش (27) هەزار و (138) یەکە کاریان تێدا دەکرێت و (13) هەزار و (668) یەکەی دیکەش بەمزوانە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە لەسەر شێوازی وەبەرهێنان بۆ فەرمانبەران و (64) هەزار و (140) یەکەی دیکەش بە شێوازی قەرزی سندوقی نیشتەجێبون دەبێت.