“ورده‌كاریی بازرگانی‌ به‌نزین و نه‌وت له‌نێوان چه‌ند به‌رپرسێكی‌ كوردو داعش”

ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌یاداشتێكدا بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌، رایگه‌یاند چه‌ند به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سنوری‌ كه‌ركوك مامه‌ڵه‌ی‌ به‌نزین و نه‌وت له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌كه‌ن.
عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح له‌یاداشته‌كه‌دا، نوسیویه‌تی‌ “ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌یه‌ من به‌ ورده‌كارییه‌كی‌ ته‌واوه‌وه‌ ئاگادارم چه‌ند به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌ سنوری‌ كه‌ركوك مامه‌ڵه‌ی‌ به‌نزین و نه‌وت له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌كه‌ن و ئه‌م زانیاریانه‌شه‌م گه‌یانده‌ به‌رپرسانی‌ په‌یوه‌ندیداری‌ كوردستان، پاشان دڵنیابوومه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش زانیاری‌ ته‌واویان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌یه‌و به‌شێكی‌ زۆر له‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكیش ئاگادارن”.
رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ “له‌به‌رامبه‌ر گوندی‌ خه‌رابه‌ رووته‌ی‌ شه‌وی‌ 27/28 ی‌ مانگی‌ 9 سێ تانكه‌ری‌ به‌نزین رۆشتووه‌ بۆ سنوری‌ داعش كه‌ دوانیان ژماره‌یان هه‌ولێره‌و و ئه‌وی‌ دیكه‌ش سه‌لاحه‌ددین(ژماره‌ی‌ تانكه‌ره‌كان لای‌ ئێمه‌ هه‌یه‌و دڵنیام لای‌ جه‌نابیشتان هه‌یه‌)، به‌رپرسێكی‌ پێشمه‌رگه‌ش پاسه‌وانی‌ تانكه‌ره‌كانی‌ كردووه‌ به‌ ئۆتۆمبیلێكی‌ جۆری‌ فۆرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك مامه‌ڵه‌ به‌پێكهاته‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ داعش”.
عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح نوسیویه‌تی‌ “ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ نیهگه‌رانییه‌ ئه‌مانه‌ی‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن به‌رپرسیارییه‌تییان له‌ناو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌و خه‌ڵكی‌ حیزبین، ئایا كه‌سێك بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ پاره‌ به‌نزین له‌ كه‌ركوك به‌نرخێكی‌ هه‌رزان بكڕێت‌و به‌ گرانتر بیداته‌ داعش، داعشیش ئه‌م به‌نزیانه‌ بكاته‌ هامه‌ره‌كانیان و پێشمه‌رگه‌ی‌ پێ بكوژێت سبه‌ی‌ كه‌ركوك نافرۆشێت”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “ئێوه‌ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌یه‌ له‌م پرسه‌ ئاگادارن و پێموایه‌ لیژنه‌شتان بۆ دروستكردووه‌، كه‌ من پێموایه‌ پێویستی‌ به‌ لیژنه‌ نییه‌و خۆتان باش ده‌زانن كێن ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م كاره‌یان كردووه‌و به‌رپرسیاریه‌تیشیان چییه‌؟ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌پێی‌ یاسای‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر بدرێنه‌ دادگاو خه‌ڵكی‌ كوردستانیش ئاگادار بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ دیكه‌ كه‌س بیر له‌ خیانه‌ت له‌م نیشتیمانه‌ نه‌كاته‌وه‌”.
ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو “ناكرێت فرمێسك بۆ كوبانی‌ و شه‌نگال بڕێژن و له‌و لاشه‌وه‌ چاوپۆشی‌ له‌و خائینانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌دا به‌رپرسیارییه‌تییان هه‌یه‌و حیزب دایناون و ده‌عمی‌ دڕنده‌ترین رێكخراوی‌ تیرۆرستیش ده‌كه‌ن”.
عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح داواش له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌ت و وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كانی‌ هه‌ڵه‌یه‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سنوری‌ كه‌ركوكیش زانیارییان هه‌یه‌و ئه‌وانیش هه‌ر هه‌ڵه‌ن و ئه‌و زانیارییانه‌ش كه‌ بۆ خۆتان هاتوون هه‌ر هه‌ڵه‌ن، رونكردنه‌وه‌ بده‌ن و كۆتایی‌ به‌ نیگه‌رانیه‌كانیان بهێنن. ئه‌گه‌ریش ئه‌م زانیارییانه‌ راستن هه‌موو ئه‌و به‌رپرس و كه‌سانه‌ی‌ له‌م پرسه‌ تێوه‌گلاون له‌ زووترین كاتدا بینانده‌ن به‌ دادگا. 
وێنه‌: چوار تانكه‌ری سوته‌مه‌نی كه‌ كۆتایی مانگی رابردوو له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا له‌سنوری دوبز پێش ئه‌وه‌ی ببرێنه‌ سنوری داعش
NRT