شارەزایەکی ئابوری، رایدەگەیەنێت؛ حکومەتی عێراق بەهۆی زۆری و نارێکخراوی رۆژەکانی پشوەوە، بۆ تەنها رۆژێکی پشو بڕی یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.
جەمیل ئەنتوان، شارەزای ئابوری، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی عێراقیهی نیمچە فەرمی رایگهیاند: حکومەتی عێراق بەهۆی زۆری بۆنە نیشتیمانی و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان و رۆژە پشوەکانیەوە زیانێکی گەورەی دارایی بەرکەوتوە هاوکات بەربەستێکی کاریگەریش بوە لە گەشەکردنی ژێرخانی ئابوری و دواکەوتنی پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزاریەکان و وەستاندنی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیش.
ئاماژەی بەوەشکردوە: ئەگەر رۆژەکانی پشو رێگر نەبن کۆی داهاتی ناوخۆی وڵات دەگاتە (300) ملیار دۆلار کە پشکی زۆری بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوەیە، بەڵام بەرامبەر بە رۆژێکی پشو کە زۆربەیان نارێکخراون، بۆ هەر رۆژێک عێراق زیانی یەک ملیار دۆلاری بەردەکەوێت.
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژەکانی پشو لە عێراق بەهۆی جیاوازی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان و بۆنە نیشتیمانیەکانەوە تەنها لە ساڵێکدا رۆژەکانی پشو نزیک دەبێتەوە لە (150) رۆژ.