مارکەی بەناوبانگی جلوبەرگی سویدی ( H&M) دوای ئەوەی بەوە تۆمەتبارکرا کە لاسایی شێوازی جلوبەرگی ئەو پێشمەرگە و گەریلا ژنانەی کردووەتەوە کە شەڕی داعش دەکەن ، بەشێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردنی لە پێشمەرگە و گەریلاکان کرد و دەڵێت ئەو دیزاینە نوێیەی جلوبەرگی بەمەبەستی هێرشکردن بۆ سەر هیچ لایەک بەرهەم نەهێناوە.
سایتی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کۆمپانیای بەناوبانگی H&M-ی سویدی نوێترین کۆلێکشنی جلوبەرگی پایزانە و زستانەی تایبەت بە ژنانی نمایشكردووه و تیایدا ئەو جۆرە جلوبەرگەی دیزاینیان کردووە كه ڕەنگێکی زەیتوونی هەیە و پشتێنێکی قاوەیی و بووتی لەگەڵدا لەپێ دەکرێت .
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم کۆلێکشنە نوێیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتەرەوە ڕەخنەی توند لە کۆمپانیا سویدییەکە گیرا بەوەی ستایلی جلوبەرگەکان بێڕێزییە بەرامبەر گەریلا و پێشمەرگە .
لەلای خۆشیانەوە کۆمپانیاکە بە فەرمی داوای لێبوردنی كردووه و ڕایگەیاندووه: ” هاوتای ستایلی جلوبەرگەکەیان لەگەڵ جلوبهرگی پێشمەرگە و گەریلاکان تەنها بە ڕێکەوت بووە هیچی تر و مەبەستیان نەبووە هێرشبکەنە سەر هیچ لایەک”.