“ئێران پلانی هەیە كارگەكانی بۆ هەرێم بگوازێتەوە “

دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئابوری ئێران لە رێگەی پرۆژەیەکەوە یەک ملیار دۆلار قەرز بە پرۆژەیەکی پیشەسازی سلێمانی دەدەن. بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات ئێران پلانی ھەیە کارگەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان بگوازێتەوە. 
 
وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران یاسین مەحمود، رایگەیاند: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەزامەندیانداوە بۆ دروستکردنی شاری پیشەسازی عەربەت- سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە بەپڕۆژەی کۆمپانیا ئێرانییەکان ناسراوە، سندوقی زەمانی ئێرانی بەنوسراوی فەرمی گەرەنتیان داوە بەو کۆمپانیا ئێرانییانەی لەو شارەدا کارگە دادەمەزرێنن‌و نزیکەی ١٨٥ کارگەی جۆراوجۆری بەرھەمھێنەر پیشەسازی‌و کارەبایی‌و دروستکردنی دەرمان کاری تێدا دەکەن.
ئەوەشی خستەروو: لە گەڵ وەزیری پێشووی بازرگانی ئێران و وەکیلی وەزیری بازرگانی ئێستای ئێران کۆبونەتەوە، یەک ملیار دۆلار بە قەرز بەو کۆمپانیایانە دەدات کە دێنە نێو پرۆژەکە ئەگەر کۆمپانیاکە پێویستی بە ١٠٠ ملیۆن بێت ئەوان ٥٠ ملیۆن پێ دەدەن، ئێران ئێستا پلانێکی ھەیە دەیەوێت کارگەکانی بباتە دەرەوەەی ئێران بۆ ئەمەش دەیھێنَتە کوردستان
پرۆژەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و لە ماوەی سێ ساڵدا چەندین کارگە بەرھەمیان دەبێت.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران ئاشکرایکرد، دروستکردنی ئەو شارە پیشەسازییە لای گەورە بەرپرسانی ئێران زۆر بایەخی پێ دەدرێت.
“پرۆژەکە لەسەرەتای ساڵی داھاتوەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە‌و بۆیە لەداھاتویەکی نزیکدا وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی کوردستان دەکەن‌و پاشانیش وەفدێکی دیکەی باڵای کوردستان سەردانی ئێران دەکەن بۆ پڕۆژەکە.
باسنیوز