نورەدین جانیکلی، وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا رایگەیاند وەزارەتەکەی سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی یاسا و رێساکانی 17 خاڵی سنووری بگۆڕێت، ئامانجیش لەو پرۆژەیە برەودان بە کاری بازرگانی و خێراترکردنی پرۆسەی وەرگرتنی رسوماتی گومرگییە لەو خاڵە سنوورییانە.
دەروازە سنوورییەکانی تورکیا کە لەو دەروازە سنوورییانە پێکدێن، کە لەگەڵ 8 وڵاتی دراوسێ هەیەتی، زۆرجار رووبەڕووی رەخنە بوونەتەوە لەبەر بیرۆکراسییەتی زۆر و ئەو سڕە زۆرەی کە هەیە بۆ ئەنجامدانی رسووماتی گومرگی.
رەخنەی فراوان لە دەروازە سنوورییەکانی تورکیا دەگیرێت پاش ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، ئەمەش بەزۆری لەبەر هەبوونی کاری قاچاغە دوابەدوای تێکچونی رەوشی سووریا لە چەند ساڵی رابردوودا.
بەپێی ئەو پرۆژەیە وەزارەتی بازرگانی و گومرگی تورکیا نە تەنیا بینای دەروازە گومرگییەکان نۆژەندەکاتەوە، تەنانەت لە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووش کەڵک وەردەگرێت وەک بەکارهێنانی کامێرا و ئامێرەکانی چاودێریکردن.