ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ بەراورد بە 15 مانگی رابردوو گەیشتە نزمترین ئاست، هۆیەكەشی بۆ پشتگیری داتاكانی كاری ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ بەهای دۆلار، زیاتر لەوەی پێشبینی كرابوو.
كانزای زەرد كە زۆربەی جار كاریگەری لەسەر نرخی كانزاكانی دیكەش دروستدەكات، ئەمجارە سوودی لە گرژی جیوسیاسی نێوان رووسیا و ئۆكراینا و پێشڕەوی چەكدارانی داعش نەبینیوە. لە مامەڵەكانی راستەوخۆدا ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەكەمی 2014 لەبازاڕەكانی جیهاندا، نرخی ئۆنسێك زێڕ (كە دەكاتە 5 مسقاڵ) بە 1183.46 دۆلار فرۆشراوە، ئەمەش بە نزمترین نرخی زێڕ دادەندرێت لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2013 وە.
لەگەڵ دابەزینی نرخی زێڕ، بەهای دۆلار بەرزدەبێتەوە و نزیكدەبێتەوە لە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئەرێنی كار لە كەرتەكانی جگە لە كشتووكاڵ لە هەفتەی رابردوودا، كە بووەتە هۆی زیادكردنی پێشبینییەكان و بانكی ناوەندی ئەمریكاش دەست بە بەرزبوونەوەی سوودی بانكی دەكات لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 دا.