نەوتو غاز، نەك بەتەنیا رۆڵیان لەهەڵسوڕاندنی رەوڕەوەی ئابووریی جیهاندا هەیە، بەڵكو رۆڵیان لەیارییە سیاسییەكانو جەنگو ئاشتیشدا هەیە. بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین قەرەبووی كەموكووڕییەكانی بازاڕ پڕدەكاتەوە، ئاماژەیەكیشە بۆئەوەی كەڕۆڵێكی نوێ لەجیهاندا دەگێڕێتو نەخشەی هێڵی بۆرییە نەوتەكانی جیهانیش دەگۆڕێت.
چاودێرانی ئابووریو پسپۆڕانی بواری نەوت بیروڕای جیاوازیان هەیە سەبارەت بەنەوتو غازی بەردین، كە لەئەمریكا دۆزراوەتەوە، هەندێكیان لەو باوەڕەدان ئەمریكا لانیكەم تاسەد ساڵی تر توانای دابینكردنی نەوتی بەشی بەكارهێنانی ناوخۆی هەیەو لەبەكاربەرێكی نەوتەوە دەبێتە زەبەلاحێكی ئابووری خاوەن بەرهەمی نەوت، بەڵام هەندێكی تر پێیانوایە ئەو نەوتە بەردینەی دۆزراوەتەوە، وا لەئەمریكا ناكات دەستبەرداری ئەو نەوتە بێت كە بەشێوەی تەقلیدی دەردەهێنرێت، جگە لەوەش بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین تێچووی زیاترە، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، نەوتو غازی بەردین چییە؟ بۆچی دۆزینەوەو دەرهێنانی بەشۆڕشێك دادەنرێت لەبواری وزەداو لەتوانایدا هەیە نەخشەی وزەی جیهان بگۆڕێت؟ بۆچی لەم كاتەدا؟.
وزە بەرەو كەمیی دەڕوات
پسپۆڕان دەڵێن:»دوای 20 ساڵی تر وزە كەم دەهێنێت، ئەوەش وایكردووە هەمووان بەدوای سەرچاوەیەكی تری وزەدا بگەڕێن، بەڵام مەسەلەكە تەنیا پەیوەندیی بەزۆریی وزەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بەچۆنێتی دەرهێنانیشییەوە هەیە، چونكە تێچووی دەرهێنان نرخەكەی دیاریدەكات».
د. مەهران موشیخ مەهران توێژەری ئەكادیمی لەبواری نەوتدا دەڵێ:»نەوتو غازی بەردین ملیۆنان ساڵە لەسروشتدا هەنو لەڕووی پێكهاتەشەوە لەغازو نەوتە ناسراوەكە جیاواز نین، بەرهەمهێنانیان لەساڵی 1930وە لەئەمریكا دەستی پێكردووە، بەڵام ئەو غازو نەوتەی لەچینە بەردەكانی (ئەردەواز)دان قورسە، سەختی كاری دەرهێنانی ئەو نەوتە وایكردووە وڵاتانی جیهان بەگشتیی رووبكەنە دەرهێنانی نەوتە تەقلیدییەكە، چونكە دەرهێنانی نەوتو غازی بەردین پێویستی بەوەیە كەئەو جۆرە بەردە بهاڕدرێ بۆئەوەی مادەی نەوتو غازی شلی لێدەربهێنرێت، ئەوەش تەكنەلۆژیایەكی بەرزی دەوێ، پڕۆسەی هاڕینی بەردەكەش بەهۆی ئاوێكی زۆری پەستێنراوەوە روو دەدات، ئەو ماددە كیمیاییانەش كە لەژێر زەویدا دەمێننەوە ئاوی ژێر زەویو خاك پیس دەكەن».
تێچوونی زۆرو پیسبوونی ژینگە
د.كامیل وەزنی پسپۆڕی ئابووریی لوبنانی رایگەیاند، سەرباری تێچوونی زۆری دەرهێنانی نەوتی بەردین، كێشەی ژینگەش لەئارادایە، چونكە كاریگەری لەسەر ژینگە هەیە، هەر لەبەرئەوەش هەندێك وڵات دەرهێنانی ئەو جۆرە نەوتەی قەدەغەكردووە، ئەو كۆمپانیایانەش كە لەئەمریكا ئەو جۆرە نەوتە دەردەهێنن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار كراوە، جگە لەوەش بەهۆی دەرهێنانی نەوتو غاز لەبەردی (ئەردەواز) بومەلەرزەی بچووك روودەدات.
رەنگە چین یەكێك بێت لەو وڵاتانەی یەدەكێكی زۆری هەبێت لەو جۆرە نەوتە، بەڵام ئەو تەكنەلۆژیایەی نییە كەئەمریكا هەیەتی، لەئەوروپاش وەك د.وەزنی دەڵێ:»بەهۆی كاریگەرییەكانی لەسەر ژینگە، دەرهێنانی نەوت بەو شێوازەو بەكارهێنانی ئەو تەكنەلۆژیایە قەدەغەیە».
غاز كاڵایەكی هەرێمایەتییە
غاز زیاتر بەكاڵایەكی هەرێمایەتی دادەنرێت وەك لەوەی كاڵایەكی نێودەوڵەتی بێت، هەمیشەش دابەشكردنو فرۆشتنی بەوڵاتانی دەوروبەر رەواترە. روسیا لەو وڵاتە خاوەن غازانەیە كەغازەكەی بۆ وڵاتانی دەوروبەری خۆیەتی لەئەوروپایە، ئەڵمانیاش باشترین نموونەیە كەزۆرترین خواستی هەیە لەسەر غازی روسیا.
د. كامیل وەزنی لەوبارەیەوە دەڵێ:»روسیا توانیویەتی بەهۆی غازەكەیەوە پەی بەوڵاتانی ئەوروپا ببات، هەرچەندە ئەڵمانیا چەند جارێك هەوڵی داوە جێگرەوەیەك بۆ غازی روسیا بدۆزێتەوە».
پسپۆڕان لەو باوەڕەدان كەڕوسیا دەستبەرداری هەژموونی خۆی نابێت بەسەر ئەوروپاوە، بەڵام قسەو باسی ئەوەش لەئارادایە، وڵاتانی سوریاو لوبنانو ئیسرائیلو قوبرس لەناوچەی خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیش ببنە هەناردەكاری غاز. ئێرانیش ئەگەر گەمارۆی ئابووری لەسەر نەبوایە، لەبەرئەوەی دووەم یان سێیەم گەورەترین وڵاتە لەڕووی یەدەكی غازەوە، دەیتوانی كاریگەریی گەورەی هەبێت، هاوكات پڕۆژەیەكی تر لەئارادابوو، كە بەهێڵی نابۆكۆدا ناسراوە، بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی لەعیراقو سوریاو وڵاتانی كەنداوەوە بەڕێگەی توركیادا بگەیەنێتە ئەوروپا، بەڵام ئەو پڕۆژەیە شكستی هێنا.
نابۆكۆ شكستی هێنا
د.وەزنی ئاماژەی بەوەكرد، شكستی پڕۆژەی نابۆكۆ چەند هۆكارێكی هەبوو، لەوانەش ئەمریكا رێگربوو لەسەركەوتنی پڕۆژەكەدا، چونكە خوازیارە لەداهاتوودا خۆی غاز هەناردە بكات بۆ ئەوروپاو بۆ ئەو مەبەستەش 20 ملیار دۆلاری خستۆتە وەبەرهێنانەوە، بەڵام وەك پسپۆڕان باسی دەكەن هۆكاری سەرەكی شكستی نابۆكۆ، ناكۆكی نێوان ئەو وڵاتانە بووە كەبۆری گواستنەوەی غازەكە پێیاندا تیدەپەڕێت.
سەرچاوەی وزە لەهەر شوێنێك بێت، بەهەردوو جۆری نەوتو غازی بەردینو تەقلیدیشەوە، هەروەها هێڵەكانی گواستنەوەی ئەو وزەیە، دەتوانێت نەخشەی ئابووریی جیهان بگۆڕێت.
كوردستانی نوێ