زاناكان ئامێرێكی نوێیان داهێناوە لەجیاتی كۆدو پاسۆردو وشەی نهێنی بۆ كردنەوەی ژمارە بانكییو داهێنانەكەش ئێستا لەتاقیكردنەوەدایە. ئەو ئامێرە قەبارەیەكی بچووكی هەیەو لەشێوەی سكانەردا كاردەكات، شوازی كاركردنی ئەم ئامێرە ئەوەیە كە خوێنبەری پەنجەكانی دەستی بەكاربەر وەك هێمای پەنجەمۆر دەخوێنێتەوەو هەركەس بیەوێ ژمارە بانكییەكەی بكاتەوە، پەنجەی دەخاتە ناو ئامێرەكەوەو ئامێرەكەش تایبەتمەندی كەسەكە لەڕێگەی خوێنبەرەكانی پەنجەیەوە دەناسێتەوە.
ئەم شێوازە نوێیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەگەڵ شێوازە كۆنەكەی پەنجە مۆردا، بۆ یەكەم جار لەژانو پۆڵەندا بەكاردێتو یەكەم بانكیش كە بەكاری دەهێنێت، بانكی (باركلیز)ی بەریتانیایە، ئەویش سەرەتا بەتەنیا بۆ كۆمپانیاو بازرگانە گەورەكانی دادەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا خزمەتگوزاری ئەم ئامێرەو خوێندنەوەی خوێنبەری پەنجە بۆ كردنەوەی ژمارەی بانكیی، بكەوێتە بەردەستی هەموو بەكاربەرێك.
بوار بەساختەكاریی نادات
تەكنیكی كاركردنی ئەم ئامێرە نوێیە لەوەدایە، كە تیشكی ژێر سووری تێدایەو تایبەتمەندییەكانی ئەو مرۆڤە دەخوێنێتەوەو پشكنینی بۆ دەكات، تا دڵنیا دەبێت لەوەی كە هەمان كەسی خاوەنی ژمارە بانكییەكەیە، گرنگییەكەشی لەوەدایە بوار بۆ ساختەكاری ناهێڵێتەوە، چونكە ئەم ئامێرە تەنیا پەنجەی زیندوو دەخوێنێتەوەو هیچ پەنجەیەكی تری دروستكرا ناخوێنێتەوە، بەوەش رێگە لەفڕوفێڵەكانی دزەكان دەگرێو ناتوانن ژمارەی بانكیی كەسانی تر بكنەوەو بەكاری بهێنن. ئامێرەكە بەقەد تۆپێكی تێنسی سەر زەوی دەبێتو لەڕێگەی (یو ئێس بی)یەوە بەكۆمپیوتەرەوە دەبەسترێ.
لەژاپۆن بەكار دێت
ئەم ئامێرە بۆ یەكەم جار كۆمپانیای هیتاشی لەژاپۆن بەكاری هێناو ئێستاش لەو ئامێرانەی لەسەر جادەكان پارەیان لێ دەردەهێنرێت لەژاپۆنو پۆڵەندا بەكار دەهێنرێتو ئەوانەی ئەشدارییان كردووەو تەنیا پەنجەیان دەخەنە ئامێرەكەوەو پارەكەیان دەردەهێنن، بێئەوەی پێویست بە پاسۆردو كۆدو وشەی نهێنی بكاتو هەموو كارەكەش تەنها چەند سانیەیەكی پێدەچێت، بیرۆكەی ئامێرەكەش دوای ئەوە سەری هەڵدا كە دانانی پاسۆردی دورودرێژو ئاڵۆز كێشەی بۆ بەكاربەرەكان دروست دەكرد، چونكە دەبوایە ئەو لەو پاسۆردە دورودرێژانە لەبەر بكەنو كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كە زۆر جار دزێك دەیتوانی پاسۆردەكە بدزێتو بچێتە ناو ژمارە باكییەكەوە.
پارەكەی لەخۆیان وەردەگرێت
لەبەریتانیاش بانكی (باركلیز) هەوڵ دەدات ئەو تەكنۆلۆژیایە بەكار بهێنێت، بەڵام وەك سەرەتا بۆ بازرگانە گەورەكانو كۆمپانیاكان بەكاری دەهێنێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە، بانكەكە داوا لەو بازرگانو كۆمپانیایانە دەكات كە خۆیان تێچووی هێنانی ئامێرەكە بگرنە ئەستۆ، لەبەر ئەوەی گران دەكەوێت لەسەر بانكەكە. (ئاشوك فاسوانی) سەرۆكی بەشی خزمەتگوزارییە باكییەكان رایگەیاند، ئەو تەكنیكە نوێیە زۆر گونجاوە بۆ بەكاربەرەكانمان، بەتایبەت بۆ ئەو بازرگانو كۆمپانیایانەی رۆژانە كاروباری دارایی گەورەیان لەبانكەكەدا هەیە. ئاماژەی بەوەشكرد، كە بانكەكەیان جارێ ئەو خزمەتگوزارییە ناخاتە بەردەستی هاووڵاتیانی ئاسایی، چونكە ئەوان خۆشیان حەز بەخەرجێكی زیادە ناكەن لەبری بەكارهێنانی ئەو ئامێرە.
كێشەكانی ئەم ئامێرە
یەكێك لەكێشەكانی ئەم ئامێرە نوێیە ئەوەیە، كە ناتوانرێت لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانەدا بەكار بهێنرێت كە لەڕێگەی مۆبایلەوە جێبەجێ دەكرێت، (ئاشوك فاسوانی)یش لەو بارەیەوە دەڵێ: بێگومان ئەوانەی مۆبایل بەكار دەهێنن بۆ مامەڵە بانكییەكانیان ناتوانن ئەم تەكنیكە نوێیە بەكار بهێنن، كێشەكەش لەوەدایە كە زۆربەی هاووڵاتیان حەزدەكەن مۆبایل بەكار بهێنن، چونكە بەكارهێنانی ئاسانە.
كێشەیەكی تریش ئەوەیە كە لەبەر گرانییەكەی، ئەم ئامێرە ناتوانرێت بۆ كاری وردەو تاكفرۆشی بەكار بهێنرێت، بەڵام رەنگە رۆژگارێك جۆرێكی تر لەم ئامێرە دروست بكرێت كە بۆ ئەو جۆرە كارانەش بەكارهێنانی ئاسانو هەرزان بێت.
كوردستانی نوێ