كۆمپانیایه‌كی كەرتی تایبەت هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی دەبەخشێتە ئاواره‌كان

دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی  باڵای‌ كاروباری‌ خانمانه‌وه‌  كه‌لوپه‌له‌كانی خۆی به‌ ئاواره‌كان ده‌به‌خشێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كۆمپانیای سێركۆ “Serco” له‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆتایی به‌ كاره‌كانی خۆی هێنا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو هه‌ڵوێستێكی مرۆیی ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانی خۆی له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان كرد و بڕیاروایه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا له‌ میانی هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی كۆمه‌ككردنی ئاواره‌كان بگه‌یه‌ندرێته‌ ئاواره‌كان.
خاتوو فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ وه‌كو هه‌ڵوێستێكی مرۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمپانیای Serco به‌یاوه‌ری ستافه‌كه‌ی، ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمپانیاكه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان كرد، تا له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانه‌وه‌ له‌ میانی هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی كۆمه‌ككردنی ئاواره‌كان بگه‌یه‌ندرێته‌ كه‌مپ و شوێنی نیشته‌جێی ئاواره‌كان.
خاتوو فلۆرین گۆرگیس ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌ كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ناڵه‌ و ئازاری ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش ئافره‌ت و منداڵان، سوپاسی كۆمپانیای سێركۆ و گشت ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ كرد، كه‌ به‌شداری له‌ كۆمه‌ككردنی ئاواره‌كان و سه‌رخستنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌ گرنگه‌دا ده‌كه‌ن.
   هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی بۆ ژنان و منداڵانی ئاواره‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی خانمانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، له‌ 13ی‌ مانگی ئابی رابردوو ده‌ستی پێكرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تا ئێستا به‌ ده‌یان تۆن پێداویستی و خۆراك و شیری منداڵان و یارمه‌تی دارایی بۆ ئاواره‌كان كۆكراوه‌ته‌وه‌.
خەندان