كۆمپانیای فۆرد ، كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهۆی كێشەی تەكنیكی لە ئێیرباگی 850 هەزار ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكە، بانگەوازی كردووە بۆ كشاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە بازاڕدا.
فۆرد رایگەیاندووە بەهۆی كێشەیەكی كارەبایی لە هەندێ كاتدا ئێیرباگی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە كاتی روودانی رووداوەكانی هاتووچۆدا لەكاردەكەون.
ئەو مۆدێلانەی كە ئەو كێشەیان هەیە بریتین لە جۆرەكانی سی ماكس، فیۆژن ، ئیسكەیپ و لینكۆڵن كە لە ساڵی 2013 و 2014 دا بەرهەمهاتوون.
كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، كە ئاگادار نییە لەوەی ئایا زیانێكی گیانی لە ئەنجامی ئەو كێشە تەكنیكییە بۆ شۆفێرانی فۆرد روویدابێت، بەڵام جەختیكردووەتەوە كە چاككردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە خۆڕایی دەبێت.
لەو ژمارەیە 745 هەزار ئۆتۆمبێل لە ئەمریكاو 82 هەزار لە كەنەداو 20 هەزاریش لە مەكسیكن كە بەهۆی ئەو كێشە تەكنیكییەوە بانگەواز بۆ كشاندنەوەی كراوە.
هەفتەی رابردووش كۆمپانیای ركابەری فۆرد، جەنەراڵ مۆتۆرز، بانگەوازی بۆ كشاندنەوەی 220 هەزار لە ئۆتۆمبێلەكانی ئەو كۆمپانیایە كرد.