وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران دابینكراوە و پێش جەژن مووچەی ژمارەیەك وەزارەت دابەشدەكرێ.”
رێباز محەمەد؛ وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، بە (ئاژانسی ئانادۆڵو) ی راگەیاند:” لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاشتی هەورامی رایگەیاندووە، مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران لە داهاتی فرۆشتنی نەوت دابینكراوە، بەڵام میكانیزمی گۆڕینەوەی پارەكە بۆ دیناری عێراقی ماوە كە ئەوەش ماوەی دەوێ.”
لەبارەی وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانەوە، وەزیری دارایی وتی: “پێش جەژن مووچەی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان دابەشدەكرێ و دوای جەژنیش مووچەی وەزارەتەكانی دیكە دابەشدەكرێ.”
لە بارەی ئەوەی چ وەزارەتێك سەرەتا مووچەی پێ دەدرێ، ناوبراو ئاشكرایكرد كە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەتا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەكرێ.
سەبارەت بە ناردنی بودجە لە بەغداوە، رێباز محەمەد وتی: “لەگەڵ ئەوەی بەغدا بەڵێنی ناردنی بودجەی بۆ هەرێم داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ رەوانەكردنی بودجە و ئەوەی وتراوە تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێن و وتوێژەكاندا بووە و نەبووەتە بڕیارێكی نووسراو و رەسمی.”
حەوت مانگە بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و نەیناردووە، ئەوەش هەرێمی دووچاری قەیرانی دارایی كردووە و مووچەی فەرمانبەران لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نادرێ.
ئەو رەوشە ناڕەزایی مووچەخۆرانی لێكەوتووەتەوە و لە حەفتەی رابردووە لە دژی دواكەوتنی مووچەكانیان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی مامۆستایانی سەر بە وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و مانیانگرت.