ناوی‌ هه‌زار‌و 75 دامه‌زراو بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ راده‌گه‌یه‌نرێت

بڕیاره‌ هه‌زار‌و 75 كه‌س بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ دابمه‌زرێنرێن ‌و كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتووش ناوه‌كانیان راده‌گه‌یه‌نرێت.
ئه‌مڕۆ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا، كه‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ د. میران محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ته‌ندرووستی‌ سلێمانی‌ ‌و مه‌حمود عوسمان سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ دامه‌زراندن له‌سلێمانی‌ ‌و هێمن خالید سه‌رپه‌رشتیاری‌ پڕۆژه‌ی‌ درووستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ رێكخرابوو، د.میران ئاشكرایكرد كه‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌زار ‌و 75 پله‌ی‌ وه‌زیفی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێڵه‌یی‌ سلێمانی‌ داده‌مه‌زرێنن.
وتیشی‌: “ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران داوای‌ له‌زانكۆیه‌كی‌ جیهانی‌ كردووه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك نه‌خۆشخانه‌كه‌مان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رن ‌و كارمه‌ندانی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ش رابهێنن له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌باشترین شێواز”.
به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2011دا نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێله‌یی‌ بۆردێكی‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ بۆ دامه‌زراوه‌ كه‌ له‌ 25 كه‌س پێكدێن.
د.میران ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ “راسته‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ نیگه‌رانن له‌دواكه‌وتنی‌ پڕۆژه‌كه‌، به‌ڵام به‌ڵێنیان ده‌ده‌ینێ‌ له‌گه‌ڵ‌ ته‌واوبوونی‌ پڕۆژه‌كه‌دا خزمه‌تگوزاریه‌كی‌ وایان پێشكه‌ش بكه‌ین كه‌ ده‌نگ بداته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌موو عیراق”.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هێمن خالید سه‌رپه‌رشتیاری‌ پرۆژه‌ی‌ دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی‌: “ئێستا سه‌دا 75ی‌ كاره‌كانی‌ درووستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌واوبووه‌، هه‌موو كه‌لوپه‌لێكی‌ پێویستیشی‌ بۆ دابینكراوه‌، به‌ڵام تائێستا سه‌دا60ی‌ ئامێره‌ پزیشكیه‌كان گه‌یشتۆته‌ پرۆژه‌كه‌، پڕۆژه‌كه‌ش له‌كۆتایی‌ مانگی‌ دووی‌ ساڵی‌ ئاینده‌دا ره‌نگه‌ ته‌واوبێت”.
رونیشیكرده‌وه‌ “ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌یه‌كه‌مجاردا 57 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی‌ كۆری‌ كاری‌ تێداكردووه‌ ‌و جێی‌ هێشتووه‌، دواتر دراوه‌ته‌وه‌ كۆمپانیایه‌كی‌ توركی‌ به‌ بڕی‌ 87 ملیۆن دۆلار، تائێستاش 132 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، سكاڵاشمان له‌سه‌ر كۆمپانیا كۆریه‌كه‌ تۆماركردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا دادگا یه‌كلایی‌ نه‌كردۆته‌وه‌”.
هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، مه‌حمود عوسمان سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ دامه‌زراندن له‌سلێمانی‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ میلاكی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ده‌ست لیژنه‌ی‌ باڵای‌ دامه‌زراندن، وتیشی‌: “ئێمه‌ش به‌شه‌فافی‌‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵبه‌ندی‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ‌و دامه‌زراندنه‌كه‌ش به‌شێوه‌ی‌ فۆڕم ده‌بێت وه‌ك هه‌موو دامه‌زراندنه‌كانی‌ تر”.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌ “ئه‌و رێژه‌ی‌ دامه‌زراندنه‌ په‌یوه‌ندی‌ نیه‌ به‌و رێژه‌یه‌ی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ دیاری‌ كراوه‌ له‌ دامه‌زراندندا، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ داشده‌مه‌زرێن به‌پێی‌ وه‌سفی‌ پسپۆڕیان ده‌بێت”.
مه‌حمود عوسمان ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا ناوی‌ سه‌رجه‌م ده‌رچوانی‌ كۆلێژ‌و په‌یمانگه‌كان بۆ دامه‌زراندن له‌فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راده‌گه‌ینن، له‌گه‌ڵ‌ ناوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێله‌یدا داده‌مه‌زرێن.
پڕۆژه‌ی‌ درووستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارسه‌د قه‌ره‌وێله‌یی‌ سلێمانی‌، له‌ساڵی‌ 2003 دا به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ دانراوه‌.