105 ملیارد دینار تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی كەمپ

 
وەزیری ئاوەدانكرنەوەو  نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، لەلایەن حكومەتی ناوەندی عیراقەوە  بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی كەمپ یۆ ئاوارەكان و بەو بودجەیەش  بەسەرپەرەشتی و چاودێری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ژمارەیەك كەمپ لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن.
 بەهرۆز محەمەد ساڵح ، پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا پێشوازیكرد لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
 
لە دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە گفتوگۆیان كرد لەبارەی دروستكردنی ژمارەیەك كەمپ یۆ ئاوارەكان  لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
لە دیدارەكەدا وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن  رایگەیاند: لەلایەن حكومەتی ناوەندی عیراقەوە 105 ملیارد دینار تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی كەمپ و لەئەو بڕە پارەیەش پارێزگای هەولێر 35 ملیارد و سلێمانی 20 ملیارد و دهۆك 50 ملیاردی بۆ تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی ژمارەیەك كەمپ بۆ ئاوارەكان دروستكردنی  كەمپەكانیش لە ژێر چاودێری و سەرەپەرەشتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا جێ‌ بەجێ‌ دەكرێن.
بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان، داوای كرد لە پارێزگاكان و لەرێگەی لیژنەی تایبەتەوە ئامادەكاری بكرێت بۆ دیاریكردنی شوێنی گونجاو تەرخانكردنی زەوی و  دەستكردن بەدروستكردنی كەمپەكان.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە تەئكیدی كردەوە لە گونجاوی شوێنی كەمپەكان و دووریان لە شارەكان .
لەبەرامبەر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ئامادەكارییان بۆ دروستكردنی كەمپ لە چەند شوێنێكی پارێزگای سلێمانی كردووە ، تەئكیدی كردەوە پارێزگاكە پێویستی بە كەمپ هەیە بۆ رووبەروونەوەی ئەگەری ئاوارەبوون و حاڵەتی نەخوازاو ئامادەی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی نیشاندا بۆ كاركردن لەسەر بونیادنانی كەمپەكان.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە  دەبێت كەمپەكان، كەمپی كاتی نەبن و  بەشێوەیەكی باش دروست بكرێت و توانای مانەوەیان هەبێت بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو یان ئاوارەبوون هاتە پێش بتوانرێت سودیان لێ‌ وەربگیرێت.