بە بڕی 25 ملیون دۆلار هاوكاری ئاوارەكانی هەرێم دەكرێت

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەبڕی 25 ملیون دۆلار هاوكاری ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و بریایشە لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنفرانسێك سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكان ببەستن.
بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە تیمێكی لێكۆڵەری یەكێتی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی یانا هیبا شكوفا سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی كۆمیسیونی ئەوروپا لە عیراق، كە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رەوشی ئاوارەكان و پێداویستیەكانیان سەردانی سلێمانیان كردووە.
لە دیدارەكەدا تیمەكەی یەكێتی ئەوروپا، رایانگەیاند 28 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا تا ئێستا بە بڕی 25 ملیون دۆلار لەرێگەی رێكخراوە جیهانییەكان و رێكخراوەكانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان، هاوكاری ئاوارەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
هەروەك تەئكیدیان لە پاڵپشتی و هاوكاری بەردەوامی ئاوارەكان كردەوەو سوپاسی هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمیان كرد بۆ لە خۆگرتن و پەنادانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان.
تیمەكەی یەكێتی ئەوروپا، ئاشكرایان كرد لەماوەیەكی نزیكدا لەشاری بەغداد كۆنفرانسێك سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكان دەبەستن و بانگێشتی پارێزگاری سلێمانیان كرد بۆ ئامادەبوون لەو كۆنفرانسە.
لەبەرامبەردا پاێزگاری سلێمانی وێرای خستنەرووی كورتەیەك لە بارەی پێگەی مێژووی و رۆشتبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی رەوشی پێكەوەژیانی سلێمانی، سوپاسی یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ بەهاناوە هاتنی ئاوارەكان و هیوای خواست بەردەوام بن لە پاڵپشتی ئاوارەكان و هاوكاریكردنیان.
پارێزگار داواشی كرد یەكێتیەكە لەگەڵ هاوكارییەكانیان لەسەر ئاستی هاوكاری مرۆیی ، بیر لە رێگەچارەی تر بكەنەوە بۆ كۆتایهێنان بە تیرۆر و گەرانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێن و جێگەی خۆیان