250 كۆمپانیا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە

 سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئەو پڕۆژە و پلانانەی داویانە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنیان، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت لە كۆی هەزار و 68 كۆمپانیای جۆراوجۆر كە لە شاری سلێمانی هەن، 250 كۆمپانیا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە.
 
یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت “تاوەكو كێشەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكرێن، ناتوانین پرۆژەی نوێ پێشنیاز بكەین”. ئەمەش وادیارە هەواڵێكی ناخۆش بێت بۆ ئەو بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانەی لە لێواری داڕمان نزیك بوونەتەوە.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی گوتی، ئەو پڕۆژانەی ئێستا كاریان تێدا دەكرێ ، پرۆژەی ساڵی 2013ن و لەبەرئەوەی ئەمساڵ پارە نییە بۆ پرۆژەكان، ناچارین ئەوانە تەواو بكەین كە ژمارەیان 103 پڕۆژەیە.
راگرتنی پڕۆژەكان كاریگەری لەسەر زیادبوونی رێژەی بێكاری هەبووە، چونكە هەر پرۆژەیەك پێویستی بەدەستی كارەو ئێستاش كاركردن لە پرۆژەكان وەستاون و بێكارییەكی بەرچاوی دروستكردووە.
 
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی باسی پرۆژەكانی ساڵی 2014ی شارەوانی سلێمانی دەكات و دەڵێ، لە ساڵی 2014 چەندین پڕۆژە ئامادەكراون و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون و پەسەند كراون، بەڵام بەهۆی ئەم گەمارۆ ئابوورییەی بەغدا رووبەڕووی هەرێمی كوردستانی كردووەتەوە “هیچ پڕۆژەیەك ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
لەنێو ئەو پرۆژانەدا 7 پرۆژەی ستراتیژی گەورە هەن كە لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی بە تێچووی 47 ملیار دینار دەبوو بكەونە واری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی 10 پڕۆژەی دیكەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری بە تێچووی 58 ملیار دینار هەبوون. جۆرێكی دیكە لەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆكایەتی شارەوانی  دەكرێن كە 47 پڕۆژەن و لە خزمەتگوزاریی خێرا پێكدێن “گرنگترین پڕۆژەی ستراتیژی كە بەهۆی گرفتی دارایی راگیراوە، دروستكردنی بەشێك لە شەقامی 100 مەتری بوو بە دەوری شاری سلێمانیدا”.
خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە باشووری كوردستان لە سەرەتای دەستپێكردنی گەمارۆ ئابوورییەكەی بەغداوە، پێش هەموو چین و توێژەكان بەڵێندەرانی هێنایە سەر جادە. چونكە چیتر حكومەت نەیدەتوانی لە یەك كاتدا بەو پارە كەمەی لە داهاتە نێوخۆییەكانەوە دەستیدەكەوت، مووچە و پارەی پرۆژەكانیش دابین بكات. دواتر كار گەیشتە ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەكان بوەستن.
سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، باسی خەرجنەكردنی تێچووی پڕۆژەكانی بەڵێندەران دەكات و دەڵێ، نەك هەر زیانە بۆ بەڵێندەران، بەڵكو بێكاریش كەوتوون و جموجۆڵی بازاڕ وەستاوە و بێكاری زۆر بووە، بەڵام دەشڵێت “ژمارەیەكی زۆر لە بەڵێندەران بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانە داراییەی حكومەتی تێدایە، پرۆژەكانیان رانەگرتووەو تێچووی پرۆژەكانیان لە گیرفانی خۆیان دەدەن”.
 
سەرچاوە:روداو