زنجیره‌ خولێكی 6 مانگی بۆ فه‌رمانبه‌رانی بانكه‌كانی سلێمانی

هاوبەندى نێودەوڵەتى بۆ بەها مرۆڤایەتیەکان (IAHV) بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى دارایى وئابورى 3 خولى ( ژمێریارى، بودجە، کارگێڕى بانکەکان) بۆ فەرمانبەرانى بانکەکانى شارى سلێمانى کردەوە. شایەنى باسە ئەمە سێ یەمین خولە کە بۆ فەرمانبەرانى بانکەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانى وەزارەتى دارایى وئابورى کوردستان دەکاتەوە خولەکانى پێشووتر لەشارى هەولێرو دهۆک کردۆتەوە.
هه‌ر خولێك له‌م زنجیره‌ خوله‌ 6 هەفتە دەخایەنێت و بۆماوەى 3 مانگ چاودێرى فەرمانبەران دەکرێت تابزانرێت تاچەند سودمەندبوون و چ گۆڕانکاریەک لە تواناو شارەزاى فەرمانبەراندا بەدى دەکرێت. لەم خولەدا پسپۆڕان و پڕۆفیسۆره‌كانى زانکۆى ئەردەن وانەکان دەڵێنەوە و دواتر بڕوانامەى دبلۆم دەبەخشرێت بە بەشداربوان.
(رێکخراوێکی نێودەوڵەتی خۆبەخشی ناحکومیەو یەکێکە لەو رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیانەی لەعێراقدا کاردەکه‌ن). بارەگای رێکخراوەکە لە جنیفی پایتەختی سویسرایە، لەساڵی 1997 دامەزراوە، کارەکانی تایبەتە بە پاراستنی بەها مرۆڤایەتیەکان و ناسنامەی نەتەوەکان و دروستکردنی خۆشەویستی و نەهێشتنی توندوتیژی لەنێو خەڵک لەهەموو شوێنێکی گۆی زەوی.
ڕێكخراوه‌كه‌ بەشێوەیەکی رێک و سەرکەوتوانە کار دەکات لەگەڵ چەندین حکومەت و دامەزراوەی زانستی و کۆمپانیاو دامەزراوە بازرگانیەکان وته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ تاکە کەسیش بۆ گەشەپێدان و بەهێزکردنی بەها مرۆڤایەتیەکان. پشتگیری کردن لەو دەست پێشخەریانەی کە دەبنە هۆی دروست بوونی رێزگرتن لە تاکی کۆمەڵگاو گۆڕانی گرنگ لە ژیانی رۆژانەی تاکە کەس.
ئەم رێکخراوە خۆبەخشە نێودەوڵەتیە لە 150وڵاتی جیهان کاردەکات بۆ ماوەى ساڵێکە لەکوردستان بارەگاى خۆى کردوتەوەو کارو چالاکى بەئەنجام ئەگەیەنێت وشوێن دەستی دیارە.
(توانا تەقێدین)بەرپرسى ئۆفیسى کوردستانى هاوبەندى نێودەوڵەتى بۆبەها مرۆڤایەتیەکان(IAHV)لەلێدوانێکیدا بۆ(باسنیوز)گوتی:ئامانجى هاوبەند چالاککردن وپەرەدانە بەگەشەکردنى بەها مرۆییەکان لەگشت لایەنەکانى کۆمەڵگا و لەسەرانسەرى جیهاندا. پشتگیریى کردنى کۆمەڵە نیشتیمانیەکان، بەپێى پێویست، لەبوارى بەدیهێنانى بەرنامە پراکتیکییەکانیاندا. هەماهەنگى لەنێوان چالاکییەکان، بەشدارى کردن لەچارەسەرکردنى کێشەکاندا، سنوردارکردنى هەستى رق لەیەکتربوونەوە.گەشەدان بەگیانى بەهامرۆییەکان لەناوگەنجاندا. هاندان وپشتگیریى کردن وبەڕێوەبردنى بەرنامەکانى هاوکارییە مرۆییەکان. هاوبەند دامەزراوەیەکە مەبەستى قازانجى مادى نییە و خاوەن خەسڵەتى بێ لایەنییە بەرامبەر بۆچوونە سیاسی و ئایینییەکان.