زانیاری لەسەر ئەو پێوەرەی بڕیارە بۆ ئاوی ماڵان دابنرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، دوای‌ مانگێكی‌ دیكه‌ ده‌ست به‌ دانانی‌ پێوه‌ری‌ ئاو ده‌كرێت ، به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ هاووڵاتی‌ ده‌یدا به‌ پێوه‌ری‌ ئاو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ پاره‌ی‌ چوار مانگ هاووڵاتیان وه‌رناگرێت.
سه‌هه‌ند سیروان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ 5 پێوه‌ره‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو ئاوه‌ڕۆ هه‌ڵبژێردران، له‌ یه‌كێک له‌ تاقیگه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات پشكنیان بۆ كراو ته‌نها 3 پێوه‌ر له‌وان ده‌رچوون  كه‌ هی‌ “ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا و توركیان” و به‌پێی‌ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ن كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ داوای‌ كردبوون، دوو له‌و پێوه‌رانه‌ش په‌سند نه‌كران بۆ به‌كارهێنان.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ وتیشی‌، نرخی‌ پێوه‌ره‌كان و به‌ستانیشی‌ بۆ هاووڵاتیان دیاریكراوه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ هاووڵاتی‌ ده‌یدا بۆ كڕینی‌ پێوه‌ره‌كه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ 4 مانگ پاره‌ی‌ ئاو له‌ هاووڵاتیان وه‌رناگرێت.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، نرخی‌ پێوه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌ به‌ به‌ستنه‌وه‌37 هه‌زار و 250 دیناره‌ ، پێوه‌ری‌ به‌یلانی‌ توركی‌ به‌ 38 هه‌زار و 500 دیناره‌ ، پێوه‌ری‌ ئیتالیش به‌ به‌ستنه‌وه‌ به‌ 43 هه‌زار و 250 دیناره‌.
ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ ڕوو، پێوه‌ری‌ ته‌كنیكی‌ ئاو دوای‌ مانگێكی‌ دیكه‌ به‌ستنی‌ ده‌ست پێده‌كرێت، له‌ هه‌ر شارێك دوو بنكه‌ی‌ فرۆشتن و له‌هه‌ر شارۆچكه‌یه‌ك یه‌ك بنكه‌ی‌ فرۆشتن دیاری‌ ده‌كرێت و هاوڵاتی خۆی‌ ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ كامه‌ پێوه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ پرۆسه‌ی‌ به‌ستنی‌ پێوه‌ره‌كانیش میكانیزمێك جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ین تا زۆرترین ئاسانكاری‌ بۆ هاووڵاتیان بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌ ته‌نده‌ری‌ هێنانی‌ پێوه‌ره‌كانیان بۆ ده‌رچووه‌، ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ڤۆڵده‌رێك ده‌به‌نه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ پلانی‌ خۆیان له‌ماوه‌ی‌ 6 هه‌فته‌دا كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ، هه‌ر ڤۆڵده‌رێك ده‌خه‌نه‌ ماڵی‌ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك و تێیدا ئاگاداری‌ ئه‌و ماڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ ده‌ست به‌ به‌ستنی‌ پێوه‌ری‌ ئاو ده‌كرێت.
سه‌هه‌ند سیروان رونیشی‌ كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان دوا بكه‌ون له‌ به‌ستی‌ ئه‌و ئامێره‌ بۆ هه‌رمانگێك 100 هه‌زار دینار غرامه‌ ده‌كرێت، دوای‌ ئه‌و چوار مانگه‌ش  بۆ هه‌ر 30 مه‌تر سێجایه‌كی‌ ئاو 12 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت ، ئه‌گه‌ر بووه‌ 40 مه‌تر سێجا ، ئه‌وه‌ 22 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت ، ئه‌گه‌ر بووه‌ 50 مه‌تر سێجا ، 32 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت ، ئه‌گه‌ر بووه‌ 60 مه‌تر سێجا ، ئه‌وه‌ 42 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، بۆ 70 مه‌تر سێجا 52 هه‌زار دینار و بۆ 90 مه‌تر سێجا 82 هه‌زار دینار و بۆ 130 مه‌تریش 177 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت. 
nrt