بەر لە 3 ساڵ گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریا دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا شەری ناوخۆیی لێکەوتەوە. ئەم شەڕە ناوخۆییە زیانێکی گەورەی بە ئابووری سووریا گەیاندووە، بە جۆرێک بە پێی راپۆرتیکی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی رۆژئاوای ئاسیا، زیانە ئابوورییەکان بە 140 ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، وێڕای ئاوارەبوونی نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە.
لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی رۆژئاوای ئاسیا راپۆرتێکی لەسەر زیانەکای سووریا لە دوای دروستبوونی شەڕ لەو وڵاتە دەخاتەڕوو، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو تێکڕای زیانە ئابووریەکانی ئەو وڵاتە بە 140 ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێت، ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون خاپووربوون.
هەروەها ئەو راپۆرتە لەسەر دیاریکردنی ئەو شارانەی کە زۆرترین و کەمترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەی ئاشکراکردووە، کە شارەکانی، حەلەب، حیمس و ریفی دیمەشق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ئەو شارانەی کە کەمترین زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە درعا، رەقە، دێرەزوور، حەسەکە، ئیدلیب و حەمما، کە لەنێو ئەو شارانەش حەسەکە و رەقە کەمترین زیانیان بەرکەوتووە.
لەسەرەتای لە دەستپێکردنی ئەو ئاڵۆزیانەوە، تیکڕای رێژەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ نیوە دابەزیووە، بە جۆریک لە ساڵی 2010 رێژەی بەرهەمی ناوخۆیی سووریا 60.15 ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی 2013 رێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەیشتووەتە 33.45 ملیار دۆلار. هەروەها رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە %90، لە کاتێکدا لە ساڵی 2010 رێژەی هەڵئاوسان تەنها %4.4 بوو.
سەبارەت بە رێژەی هەناردەکردنیش، %95 دابەزیوە و رێژەی هاوردەکردن %93 دابەزیوە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە رێژەی بێکاری لە ساڵی 2010، %9 بوو، بەڵام لە ساڵی 2013 گەیشتووەتە %54، لە کاتێکدا تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی سووریا نزیکەی 20 ملیۆن کەسە و لەو رێژەیەشدا لە ماوەی سێ ساڵی شەر و ئاڵۆزیدا زیاتر لە 9 ملیۆن کەس ئاوارەبوون. ئەمە جگە لەوەی کە بە پێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 170 هەزار کەس کوژراون.
وێڕای ئەمانە، کەرتی نەوتی سووریا بەتەواوی رووبەڕووی وێرانکاری بووەتەوە بە جۆریک لە ساڵی 2010 سووریا رۆژانە 377 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەم دەهێنا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2013 لە سووریا تەنها 28 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێت، هەروەها رێژەی هەژاریش لە سووریا بەرزبووەەوە بۆ %69.