بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی لەوە دەکەن، کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کە بەغدا بە درێژایی حەوت مانگی رابردوو خەرجی نەکردووە، بە 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێ، چاوەڕوانیش دەکرێ خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستپێکی دەستبەکاربوونی وەزیرانی کورد بێ لە حکومەتی نوێی عێراق.
فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق لەمبارەوە دەڵێ: “تێکڕای یەدەگی عێراق ئێستا نزیکەی 5 ملیار و 490 ملیۆن دۆلارە، ئەمە بەدەر لە یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق کە حکومەت ناتوانێ خەرجی بکات، چونکە بانکی ناوەندی دەزگایەکی سەربەخۆیە، هاوکات خەرجی رۆژانەی عێراق بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2014 کە پەسەندنەکراوە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، بەڵام بەوپێیەی پەرلەمان تا ئێستا بودجەی 2014ی پەسەند نەکردووە و حکومەت تەنها خەرجییە زۆر پێویستەکان وەک مووچە و هاوشێوەکانی پەسەند دەکات”.
فازڵ نەبی زیاتر دەڵێ “دۆخی دارایی ئەمڕۆی عێراق باش نییە، چونکە لەلایەکەوە داهاتی مانگانەی عێراق کە لە فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێ، نزیکەی 6 ملیار دۆلارە، لەبەرامبەردا خەرجییەکانی عێراق ئێستا دەگاتە نزیکەی 5 بۆ 6 ملیار دۆلار لە مانگێکدا، ئەگەریش بەهۆی شەڕی داعشەوە زۆرتر نەبن، ئەمەش هەندێک جار حکومەتی عێراق ناچار دەکات پەنا بۆ قەرزکردن ببات بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی”.
ئەم گرفتە داراییانەی عێراق هاوکاتە لەگەڵ چارەنەکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، جگە لەوەی عێراق ئێستا لە بری 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت وەک لە بودجە ئاماژەی بۆ کراوە، تەنها 2 ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە دەکات، ئەمەش قەیرانی دارایی عێراقی قووڵتر کردووە.
بەڵام فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق دەڵێ: “لە ئەگەری هەر رێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە 8 مانگی رابردوو لە پشکی کوردستان لە بودجەی عێراق دەبڕدرێ لە کاتێکدا عێراق نزیکەی 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزداری کوردستانە، هاوکات دەکرێ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی هاوشێوە عێراق بە قیست پشکی کوردستان لە بودجە بنێرێ.