حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراقی لەسەر بارە نەوتی کەشتی کالاڤرڤتا، کە هەڵگری یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی کوردستانە رەتکردەوە.
دادوەر گەری میلەر، دادوەری شاری هیوستن سەر بە ویلایەتی تێکساس مانگی رابردوو رایگەیاند کە ئەو دەسەڵاتی ئەوەی نییە دیاری بکات بە درووستی چ حکومەتێک مافی خاوەنداری ئەو بارە نەوتەی هەیە، کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کراوە و لەوێشەوە بارکراوە بۆ کەنارەکانی تێکساس. لەبەر ئەوەش بڕیارێکی دادگای باڵای گاڵڤێستۆنی رەتکردەوە کە بریاریدابوو ئەگەر ئەو کەشتییە هاتە ناو سنووری ئاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەلایەن هێزی فیدراڵی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا بگیرێت.
دادوەر میلەر مانگی رابردوو چانسێکی دیکەی بە وەزارەتی نەوتی عێراق دا کە بە شێوازێکی دیکە سکاڵاکەی تۆماربکاتەوە. پاش ئەوەش پارێزەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵای دووەمیان پێشکەش بە دادگای هیۆستن کرد.
لەو بارەیەوە هارۆڵد واتسۆن، پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق راستییە کۆنەکانی لە چوارچێوەی سکاڵایەکی نوێ رادەستی دادگا کردووەتەوە، ئەوەش ناتوانێت بڕیاری پێشووتری ئەو دادگایە بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی کە دادگاکانی ئەمریکا بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە پەیوەست بە سامانی ناو دەریا ناتوانن بڕیار لەسەر خاوەندارێتی ئەو کەشتییە نەوتە بدەن.”
واتسۆن لە درێژەی لێدوانەکانیدا رایگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر بە خراپیش مامەڵە کرابێت بەو نەوتەی کە لە کوردستان دەرهێنراوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەو نەوتە لە رێی وشکاییەوە هەناردەی تورکیا کراوە، دادگا ئەمریکییەکە ناتوانێت بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتەو پەیوەست بە موڵکی ناو دەریا بڕیاری لەسەر بدات.
پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای هیۆستن دەڵێت، رەگی ئەو کێشەیە لە عێراقەوە سەریهەڵداوەو ناکرێت بەپێی یاساکانی دەریایی ئەمریکا بڕیاری لەسەر بدرێت.
هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پێیانوایە کە دادگایەکی عێراقی دەتوانێت کە کێشەی خاوەندارێتی ئەو نەوتەی کە لە کوردستانەوە هەناردەدەکرێت دیاریبکات.
پارێزەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە دادگای هیۆستن سکاڵای عێراق لەسەر کریاری ئەو بارە نەوتە، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، پووچەڵبکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمەتی دزینی نەوتی خراوەتە پاڵ.
لەو بارەیەوە واتسۆن رایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە کە بیسەلمێنێت ئەو بارە نەوتە ئەوکاتەی کە هێشتا لە کوردستان بووە نەفرۆشرابێت، ئەوەش بەو مانایە دێت کە هێشتا دادگایەکی عێراقی دەبێت بڕیار لەسەر ئەو پرسەش بدات.
فلیپ دای ، یەکێک لە پارێزەرەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی هەشت بە دادوەر میلەری راگەیاندبوو کە حکومەتی عێراق بە هیوای ئەوە بووە کە دەستبەسەر ئەو بارە نەوتە بگرێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکات ئامادەی دادگای فیدراڵی عێراق بێت.
لەو کاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێی بۆرییەوە کردووە، لە شەڕێکی دژواری یاساییدایە لەگەڵ بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەوە نەوتەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت.