وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند هه‌شت جۆری مریشكی هاورده‌كراو له توركیا و ئێران و میسڕ تووشی به‌كتریای سا‌لمۆنیلا بووه و هۆشداری ده‌دات له به‌كارهێنانی .
به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق نووسراوێكی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ته‌ندروستییه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكاندا گشتاندووه كه چه‌ندین جۆر مریشك له بازاڕهكاندایه كه بۆ خواردن شیاو نین.
له‌و بارییه‌وه گوته‌بێژی فه‌رمی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌رخ رایگه‌یاند له نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه دوای پشكنین ده‌ركه‌وتووه كه هه‌شت جۆر مریشكی هاورده‌كراو له توركیا و ئێران و میسڕ له بازاڕه‌كاندان كه بۆ به‌كارهێنانی مرۆڤ شیاو نین به‌هۆی تووشبونیان به به‌كتریای سا‌لمۆنیلا .
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق له نووسراوێكدا جۆری ئه‌و مریشكانه و به‌رواری به‌رهه‌مهێنان و شوێنی به‌رهه‌مهێنانیانی بڵاوكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان ئاگادار بن و به‌كاری نه‌هێنن، سه‌ره‌ڕای جۆرێك خواردنی منداڵ كه له وڵاتی میسره‌وه هاورده كراوه.
به‌كتریای سا‌لمۆنیلا زینده‌وه‌رێكی زۆر بچووكی یه‌ك خانه‌ییه و له ریخۆڵه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤدا هه‌یه و له رێگه‌ی پاشهرۆیی مرۆڤ و ئاژه‌ڵی توشبوو بۆ مرۆڤ یان ئاژه‌ڵی ساغ ده‌گوزارێته‌وه و ئه‌و به‌كتریانه دوو هه‌زار و 300 جۆری هه‌یه .