ژمارەی ملیۆنێرەكانی چین زیادیان كردووە

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگای هۆرۆن ئاشكرایكرد، كە چین سەركەوتووبوو لە زیادكردنی بڕی 40 هەزار ملیۆنەری نوێ بۆ كۆی ملیۆنەرەكانی ساڵی 2013 ە، بەم شێوەیەش كۆی ملیۆنەرەكانی چین بۆ ساڵی 2014 دەگاتە 1 ملیۆن و 90 هەزار ملیۆنەر، واتا تۆماركردنی گەشەكردن بەڕێژەی 3.8% بە بەراوورد بە ساڵی 2013 كە بەڕێژەی 3% زیادبوونی تۆماركردبوو.
هەرچەندە ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەیەكی بەرزتر دادەنرێت بەرامبەر بە ساڵی 2013 بەڵام ئەم ئاستە یەكسانە بە نیوەی ئاستی زیادبوونی ملیۆنەرەكانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2010 و 2011دا، بەشێك لە ئابووریناسان هۆكارەكەی دەگەڕێنەوە بۆ لاوازبوونی گەشەكردنی ئابووری چین لە ئەمساڵدا و پەیڕەوكردنی چەندین سیاسەتی ئابووری بەهێز كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی گەندەڵی لە سیستمی ئابووری ئەو وڵاتەدا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكەی پەیمانگای هۆڕۆن، ژمارەی ئەو هاوڵاتیە چینیانەی كە سەرمایەكەیان دەگاتە 16 ملیۆن یوان واتا ملیۆنێك و 600 هەزار دۆلار، ژمارەیان لە 1.050.000 هاوڵاتی بەرزبۆتەوە بۆ 1.090.000 هاوڵاتی.
هەروەها ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی كە سەرمایەكەیان دەگاتە 100 ملیۆن یوان واتە 16 ملیۆن دۆلار بە بڕی 2500 هاوڵاتی زیادبوونیان تۆماركردووە بۆ 67 هەزار هاوڵاتی لەساڵی 2014دا.
بەشێك لە ئابووریناسان هۆكاری لاوازبوونی ڕێژەی زیادبوونی بڕی ملیۆنەرەكانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2014دا بە بەراوورد بە ساڵی 2011 بۆ كەمبوونەوەی خواست لەسەر كاڵا گران بەهاكان دەگەڕێنەوە وەك كاتژمێرو ئوتومبێلی جۆری لامبەرگینی و چەندین كاڵای دیكە.
لەلایەكی دیكەوە ڕاپۆڕتەكەی پەیمانگای هۆڕۆن ئاماژە بەوەدەكات كە لە 55% ملیۆنەرەكانی ئەو وڵاتە خاوەنی پڕۆژەی تایبەتی خۆیانن و 15% یان كاری وەبەرهێنان لە كەرتی خانووبەرەدا دەكەن و تەنها 10% وەبەرهێنەركانی چین كاری بازرگانی لە بازاڕە داراییەكانی جیهاندا ئەنجام دەدەن وەك كڕین و فرۆشتنی پشك و قەواڵە.
لەڕووی شارەكانی ئەو وڵاتەوە پەكین بە پلەی یەكەم و شەنگەهای بە پلەی دووهەم دێت كە زۆرترین ملیۆنەری تێدا نیشتەجێ یە و ژمارەیان دەگاتە 351 هەزار ملیۆنەر.