لەكاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەمارۆ ئابووریەكانی سەر ئێران توندتر دەكات، عێراقو هەرێمی كوردستان هاوكارن لەكەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە لەسەر ئێران
بەرپرسانی خاڵە سنوورییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕەسمی داوای فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەهەرێمی كوردستاندا دەكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابورییەی كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خراوەتە سەر ئەو وڵاتە.
بەهۆی بەردەوامیان لە پیتاندنی یۆرانیۆم، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەمارۆ ئابووریەكانی سەر ئێران توندتر دەكات، بەم هۆیەشەوە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەو وڵاتانە سزا دەدات كە پێچەوانەی ئەو گەمارۆیە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن.
حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان ئاشكرایكرد “لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی خاڵە سنوریەكانی ئێران، داوای فراوانكردنی ئاڵوگۆری بازرگانیان لێكردوین، بەهۆی گەمارۆكانی سەریانەوە”.
ئەندامێكی لیژنەی داراییو ئابووری پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەبەوەدەكات ئەگەر گەمارۆ ئابووریەكانی سەر ئێران توندتر بكرێتەوە، عێراقو هەرێمی كوردستان ناتوانن پابەند نەبن بە بڕیارەكانیەوە.
عەدنان عوسمان رایدەگەیەنێت: “گەمارۆكان لەكۆمەڵێك ئاستی وەكو نەوتو تەكنەلۆژیاو پیشەسازیە، نەك مەسەلەی هێنانو هەناردەكردنی خواردەمەنی”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەدا هەرێم ناتوانێت بایكۆتی شمەكو كەلو پەلی ئێرانی بكات، چونكە بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان بژێویان لەسەر ئەوەیەو دەبێت حكومەت پارێزگاری لێبكات.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بووژانەوە ئابوورییەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووەوە هەرێمی كوردستان بەخۆوەی بینیوە، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستانو كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە.
هەروەها لە ئێستادا 1602 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستاندا لقیان هەیە، لە ناویشیاندا ڕێژەی كۆمپانیا توركییەكان بە پلەی یەكەمو كۆمپانیا ئێرانییەكان بە پلەی دووەم دێن، لە هەرێمی كوردستاندا.
لەكاتێكدا بایكۆتكردنی كرینو فرۆشتنی نەوت بەئێران لەچوارچێوەی گەمارۆ ئابووریەكانی سەر ئێرانە، بەڵام ناردنی نەوت بۆ ئێران لەرێگەی تانكەرەوە بەردەوامەو رۆژانە هەزاران تانكەر نەوت ئاودیوی ئەو وڵاتە دەكرێت.
دەربارەی پابەند نەبوونی هەرێم بەگەمارۆ ئابووریەكانی سەر ئێران، لەلێدوانێكی پێشووتردا بۆ هاوڵاتی، محەمەد قەرەداغی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وتی”ئەو مەسەلە لەدەسەڵاتی حكومەتی ناوەنددایە نەك هەرێم”.
لای خۆشیەوە سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستان، پێیوایە سەرمایەگوزاری ئێرانی لەو وڵاتە هەڵدێنو بۆ پاراستنی سەرمایەكەیان روو لەهەرێم دەكەن.
محەمەد كەریم، ئاماژەی بەوەدا ئیشكردنی كۆمپانیا ئێرانیەكان لەوڵاتی خۆیان لەئێستادا كە بەهای تمەن لەشكاندایە موجازەفەیە، بۆیە كۆمپانیاكان هەوڵی دەربازكردنی سەرمایەكەیان دەدەن.
ئەو پسپۆڕە ئابوریە وتیشی “بەهاتنی كۆمپانیا ئێرانیەكان بۆ هەرێم وادەكات بەشێك لەسەرمایەكەیان رزگار بكەن، گرنگیش نیە لایان گەر زەرەریش بكەن لەئیشكردن لەهەرێم”.
هەرچەندە عێراقو هەرێم بەردەوامن لەسەر ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێران، بەڵام تائێستا لەلایەن كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوە رووبەرووی رەخنە نەبوونەتەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە بێدەنگ بوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەردەوامبوونی عێراق لەئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێران جۆرێكە لەتەڵەو پیلان.
حاكم شێخ لەتیف ڕایگەیاند “هەركاتێك مەسڵەحەتی ئەمریكا بخوازێت ئەو مەسەلە وەكو گێچەڵ لەدژی عێراق بەكاردەهێنن، بەڵام ئێستا بەرژەوەندیان واناخوازێت گێچەڵ بەعێراق بكەن بۆیە بێدەنگن”.
ناوبراو وتیشی “هەركاتێك بەرژەوەندیان بخوازێت ئەمە وەكو كێشە بۆ عێراق زیندوو دەكەنەوە”.
سەرچاوە: هاوڵاتی