قەیرانە داراییەكانی هەرێم كاريگەری لەسەر كرێكارانیش دروست كردوە

بەشێك لە كرێكارانی شاری سلێمانی باس لە كەمبونەوەی كارەكانیان دەكەن و پێشیانوایە قەیرانە داراییەكان كاریگەری لەسەر لاوازكردنی كارەكانی ئەوانیش دروست كردووە
رۆژانە پێش هەڵهاتنی رۆژێكی نوێ‌ و لەگەڵ كۆتایهاتنی تاریكی شەودا سەدان كرێكار لە كورد و عەرەب و ئێرانی و ئێزیدی و … هتد، روو لە مەیدانی بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی دەكەن بە هیوای دەستكەوتنی كارو پەیداكردنی بژێوی ژیانی رۆژانەی خۆیان كە لەسەر ماندوێتی ئەو رۆژەیانە.
ئەوان جیاواز لە هەر فەرمانبەر و موچەخۆرێكی تر پشتیان بە موچەی مانگانە نەبەستووە و بژێوی ژیانی رۆژانەیان لەسەر ماندوێتی دەست و بازوی ئەو رۆژەیانەو ئەگەر رۆژێك كار نەكەن كاردانەوەی لەسەر بژێوی خێزانەكانیان دەبێ‌.
دۆخ و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و عێراق كاریگەری گەورەی لەسەر مەیدانی كرێكارانی سلێمانیش كردووە و بەسەردانێكی ئەو مەیدانەی كە دەكەوێتە بەردەم مزگەوتی گەورە لە ناوەندی شارەكە، هەست بەو كاریگەرییە دەكەی و چەندین رەگەزی جیاوازت بەرچاو دەكەوێ‌ كە گەڕان بەدوای كاردا ماندوی كردوون.
لەو مەیدانەدا رۆژانە سەدان كەس كۆدەبنەوە و چاوەڕوانی كەسێك دەكەن بۆ كارێك بانگهێشتیان بكات، ئەوان باس لە كەمبوونەوەی كارو كاریگەری ئەو دۆخە داراییە دەكەن كە روی لە هەرێمی كوردستان كردووە.
ئیبراهیم حەسەن هاوڵاتییەكی كوردی ئێرانییە و دانیشتوی شاری سنەیە، ئەو لە ساڵی 2012 ەوە بۆ كاركردن و پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی لە شاری سنەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و سەرقاڵی كاركردنە.ئەو وتی:” ماوەی 45 رۆژە نەگەڕاومەتەوە بۆ ئێران و چاوەڕوانی بەدەستهێنانی بڕێك پارە و پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەم دەكەم ، ئەوكات دەگەڕێمەوە لای خێزانەكەم”.
ئیبراهیم ئاماژەی كرد بەوەی لە وڵاتەكەی خۆیدا بەهۆی قەیرانەكانەوە ئیش و كار كەم بۆتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش بە هۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكانی عەرەب و ئێزیدی و ئەو قەیرانەی هەشت مانگە روی لەم هەرێمە كردووە ئیش و كاریان كەمبۆتەوە و هەفتانە تەنها چەند رۆژێك كاریان دەست دەكەوێ‌.
جگە لەسەدان هاوڵاتی ئێرانی، سەدان كرێكاری تری كورد و عەرەب و ئێزیدی لە نێو گۆڕەپانەكەی بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی دەبینرێ‌ كە رۆژانە دەچنە ئەو مەیدانە و بەدوای كاردا دەگەڕێن.
ئەحمەد ئیسماعیل هاوڵاتییەكی عەرەبی دانیشتوی شاری دیالەیە و ماوەی 15 رۆژە هاتووەتە سلێمانی، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی كرێكارەكانەوە هەفتانە چەند رۆژێكی كەم كار دەكات، ئەوەش ژیانی ئەوو مانەوەی زەحمەت كردووە.
گەنجێكی تری ئێزیدی لە گۆڕەپانەكە”مانع ئەلیاس” لە دوای هێرشەكانی چەكدارانی داعش رووی لە چیای شنگال كردووە و دواتر لەگەڵ خێزانەكەی لە سوریاوە گەڕاونەتەوە زاخۆ، ئەو بەتەنها و بۆ پەیداكردنی خەرجی خۆی و خێزانەكەی رووی لە شاری سلێمانی كردووە و هەفتانەش وەك خۆی باسی دەكات تەنها چەند رۆژێكی كەم كار دەكات.
تێكڕای ئەو داهاتەی رۆژانە ئەو كرێكارانە دەستیان دەكەوێ‌ بڕی 30 هەزار دینارە، وەك خۆشیان دەڵێن پێنج هەزار دیناری بۆ هۆتێل و پێنج هەزاری بۆ خواردن دەڕواو تەنها 20 هەزار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە.
گرفتی كاركردن لە شاری سلێمانی تەنها ئەو كەسانەی نەگرتووەتەوە كە لەدەرەوە هاتوون، كرێكارانی شارەكەش بەدەست كەمی ئیش و كاری رۆژانەیانەوە دەناڵێنن و باس لە خراپی دۆخی ژیانییان دەكەن.
عوسمان حەمەساڵح و بەشدار ئیسماعیل دوو هاوڵاتی خاوەن خێزانن و رۆژانە لە شارۆچكەی دەربەندیخان و هەڵەبجەی تازەوە دێنە سلێمانی بۆ كرێكاری و پەیداكردنی بژێوی خێزانەكانیان، ئەوان باس لەوە دەكەن ژمارەی ئەو كەسانەی رۆژانە بەدوای كاردا دەگەڕێن هێندە زۆر بووە بە زەحمەت رۆژانە كاریان دەست دەكەوێ‌ و زۆر جار بە دوو رۆژ تا سێ‌ رۆژ بێكار دادەنیشن. 
ئەوان وەك خۆیانی باسیان كرد خاوەن خێزانن و مانگانە بڕی زیاتر لە 150 هەزار دینار بە كرێی خانوو دەدەن، بۆیە ئەگەر رۆژێك كار نەكەن ئەو رۆژە بە خێزانەكانیانەوە دیارە و كاریگەری لەسەریان هەیە.
ئانادۆڵ