” شۆشمێ دەكرێتە مەرزێكی نێودەوڵەتی “

نوخشە ناسيح بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، رایگەیاند: بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە كارەكانی كردنەوەی مەرزی شۆشمێ و بەنێودەوڵەتی كردنی راگیراوە، بەڵام بەئومێدە بۆنەورۆزی داھاتوو بكرێتەوە و لەقۆناغی یەكەمیشدا ھاوڵاتیانی ھەردوو پارێزگای ھەڵەبجە و كرماشان بەپسولە و بێ پاسپۆرت ھاتوچۆی پێدا بكەن. 
 نوخشە ناێح بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندووە : گەر بارودۆخی ھەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی ئێستا نەبووایە و گرفتی بودجە نەبووایە، ناڵێین مەرزی شۆشمێ لەشەو و رۆژێكدا دەبووە مەرزێكی نێودەوڵەتی، بەڵام ھەوڵماندابوو لە دوای رەمەزانەوە رێگەیەك بۆھاتوچۆ دروست بكەین بۆخەڵكی پارێزگای ھەڵەبجە لەم دیوو و پارێزگای كرماشان لەو دیوو، رێككەوتنێكی ھاوبەش لەنێوان ئیدارەی ھەردوولادا كراوە، بەڵام بەداخەوە، بەھۆی ئەو قەیرانانەی كە بەسەر كوردستاندا ھاتووە، كارەكان راگیراون.
دەربارەی رەزامەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆكردنەوەی ئەو مەرزە، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە وتی: “وڵاتی ئێران رەزامەندیی تەواوی دەربڕیوە، بۆزانیاریتان نوێنەری پاوە و ھەورامانات لەناو پەرلەمانی ئێران پێی راگەیاندین كە پەرلەمانیش رەزامەندە لەسەری، ئێمە ئامادەكاریی تەواومان كردووە لەدروستكردنی بینا و بردنەوەی كارەبا و خزمەتگوزارییەكان بۆسەرمەرزەكە لای ئەوانیشەوە زۆری ناوێت و بەكابینە ئەوان ئەو كارە دەكەن.”
دەربارەی وادەی كردنەوەی مەرزەكەش ناێح رایگەیاند: “ئێمە ئومێد دەكەین بۆنەورۆزی داھاتوو، ئەو مەرزە بكرێتەوە و گەشتیاران لێیەوە ھاتوچۆبكەن، ھەموو ئامادەكاریەك كراوە بەڵام جێبەجێكردنی ماوە كە قەیرانەكە رێگەمان پێنادات تەواوی بكەین، شوێنیش دیاری كراوە بەرووبەری ١٥ بە ٢٥ مەتر بۆمەرزەكە لەھەردوو وڵاتەوە، ئێمە وارێككەوتووین سەرەتا ھاوڵاتیانی ھەردوو پارێزگای ھەڵەبجە و كرماشان تەنھا بەپسولە و بێ پاسپۆرت ھاتوچۆ بكەن.”
سەبارەت بەھەنگاوەكانی دواتری كاركردن لەمەرزەكەشدا، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، رایگەیاند: “بەرنامەمان ھەیە و رێككەوتنیش كراوە كە لە قۆناغی دواتردا مەرزەكە بكرێتە مەرزێكی نێودەوڵەتی و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرزتر بێتەوە، ھەرچەندە ئێستا بازرگانی تێدا دەكرێت بەڵام سنووردارە و تەنھا ١٢٥ ئوتۆمبێل كاری تێدا دەكەن، ئەو جادە نوێیەش بۆمەرزەكەش دروست دەكرێت ھەر بەبۆنەی قەیرانی داراییەوە راگیراوە كە نزیكەی ١٥ ملیار دیناری دەوێت بۆتەواو كردنی.”
مەرزی شۆشمێ یەكێكە لەمەرزە بازرگانیەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە دێی تەوێڵەی ناوچەی ھەورامان، ھاوسنوور بەگوندی شۆشمێی سەربە شارەدێی نەوسوودی قەزای پاوەی پارێزگای كرماشان و لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە كراوەتەوە و رۆژانە ١٢٥ ئۆتۆمبێل كاری تێدادەكەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەكرێت.