گەورە بەرپرسێكی پڕۆژەی ناردنی غازی ئێران بۆ عێراق ئاشكرایكرد، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بەشێوەیەكی ئەزموونی هەناردەكردنی غاز بۆ عێراق دەست پێ دەكەن و لەمانگی 3/2015ش هەناردەكردنی فەرمی دەستپێدەكات.
لە بەیاننامەیەكدا عەلی رەزا قەریبی بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمپانیای ئەندازیاری غاز و گەشەپێدانی ئێرانی رایگەیاند كۆمپانیاكەمان لە مانگی 10ـدا بەشێوەیەكی ئەزموونی هەناردەكردنی غاز لە ڕێگەی بۆڕی تایبەتەوە بۆ عێراق دەستپێدەكات، بەڵام هەناردەكردنی تەواو و فەرمی لە مانگی 3ی ساڵی 2015ـدا دەبێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە راكێشانی هێڵی بۆڕی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئەو مەبەستە كۆتایی پێهاتووە و ئێستە لە چەند شوێنێك تاقیكردنەوەی دڵنیایی لەسەر بۆڕییەكە دەستی پێ كردووە. بەگوتەی قەریبی، بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق لەسەر دانوستانەكانی نێوان هەردوو وڵات وەستاوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا رەوشی ئەمنی عێراق ناسەقامگیرە.
رێككەوتنی تایبەت بە هاوردەكردنی غازی ئێرانی لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 2012 واژوو كراوە، هەرچەندە عێراق خاوەنی توانایەكی وزەی لەبن نەهاتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانێكی ستراتیژی و بەرپرسانەی حكومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە، غازی سروشتی عێراق بەشی هەرە زۆری دەسووتێنرێت و پێویستییەكانیش لە دەرەوەی عێراق بە پارەیەكی زۆر دەهێنرێت.