هه‌یفا وه‌هبی‌ بوو به‌نه‌نك

پاش جیابونه‌وه‌ی‌ له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی‌، گۆرانیبێژی‌ ناسراوی‌ لوبنانی‌ هه‌یفا وه‌هبی‌ بووه‌ نه‌نك‌و بۆیه‌كه‌مجار وێنه‌ی‌ كچه‌زاكه‌ی‌ بڵاوكرایه‌وه‌.
گۆڤاری‌ “سه‌یده‌تی‌” كه‌ گۆڤارێكی‌ هونه‌ری‌، هه‌مه‌ره‌نگه‌و گرنگی‌ به‌ژنان ده‌دات، وێنه‌ی‌ كچه‌زا تازه‌ له‌دایكبوه‌كه‌ی‌‌ هه‌یفا وه‌هبی‌ بڵاوكرده‌وه كه‌ ناوی‌ “ره‌هف”ه‌‌.
ژیانی‌ هاوسه‌ریی‌ هه‌یفا وه‌هبی‌ ماوه‌ی‌ ته‌نها چوار ساڵی‌ خایاند له‌گه‌ڵ ملیۆنێری‌ میسری‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بوهه‌شیمه‌دا‌، پێش هاوسه‌رگیرییه‌كه‌شی‌ له‌گه‌ڵ هه‌شیمه‌دا، هه‌یفا خاوه‌نی‌ كچێك بوو به‌ناوی‌ زه‌ینه‌ب.
بوونی‌ كچه‌كه‌ی‌ هه‌یفا به‌رده‌وام جێی‌ مشتومڕو گفتوگۆی‌ ناوه‌ندی‌ هونه‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ بوه‌و تائێستاش ته‌مه‌نی‌ زه‌ینه‌ب‌و ناسنامه‌ی‌ باوكی‌ زه‌ینه‌ب به‌نهێنی‌ ماوه‌ته‌وه‌.
بۆیه‌كه‌مجار ئاشكراكردنی‌ كچه‌كه‌ی‌ هه‌یفا وه‌هبی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌ی‌ “ساعه‌ بقرب الحبیب” كه‌ له‌لایه‌ن بێژه‌ری‌ به‌ناوباگی‌ لوبنانی‌ تۆنی‌ خه‌لیفه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرا له‌كه‌ناڵی‌ LBCی‌ لوبنانی‌.
له‌یه‌كێك له‌زنجیره‌كانی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا خه‌لیفه‌ پرسیاری‌ كچه‌كه‌ی‌ له‌هه‌یفا وه‌هبی‌ كردو لێی‌ پرسی‌، راسته‌ كه‌ ده‌وترێت كچێكت هه‌یه‌ به‌ناوی‌ زه‌ینه‌به‌وه‌و ماوه‌ی ‌10 ساڵه‌ یه‌كترتان نه‌دیوه‌، ئه‌و پرسیاره‌ بووه‌ هۆی‌ خه‌مباری‌‌و گریانی‌ هه‌یفا وه‌هبی‌.
دوای‌ تێپه‌ربوونی‌ چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا، هه‌یفا وه‌هبی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بوهه‌شیمه‌ی‌ سه‌رمایه‌داری‌ میسریدا پێكهێنا، له‌و كاته‌شه‌وه‌ تائێستا هیچ ده‌نگوباسێك له‌باره‌ی‌ زه‌ینه‌بی‌ كچی‌ هه‌یفاوه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ تارۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو 16/11 گۆڤاری‌ سه‌یده‌تی‌ وێنه‌ی‌ كچه‌كه‌ی‌ زه‌ینه‌بی‌ بڵاوكرده‌وه‌. 
گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ كچه‌زاكه‌ی‌ هه‌یفای‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌زه‌ینه‌به‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، هه‌ر به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و گۆڤاره‌، له‌ئێستادا زه‌ینه‌ب له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌وڵاتی‌ كوه‌یت ده‌ژی‌.