نووسینگەی تایبەتی وەزیری نەوتی عێراق باس لە بەرنامەیەكی بنەڕەتی وەزیری نوێی نەوتی عێراقی دەكات، بۆ چارەسەركردنی پرسی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا.
هاشم حسێن بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (باسنیوز) رایگەیاندوە وەزیری نەوت بەرنامە و پلانێكی تایبەتی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گوتی ‘بە دڵنیایی جەنابی وەزیری نەوت بەرنامەیەكی تایبەتی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە گەڵ هەرێمی كوردستان، ئەو بەرنامەیەشی بەشێكی بنەرەتی كاركردنیەتی لە وەزارەت’.
لە ماوەی 8 ساڵی تەمەنی حكوومەتەكەی مالیكیدا، یەكێك لە كێشە و گرفتە هەرە سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پرسی نەوت و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
نووسینگەی وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا كە بەپێی بەرنامەکەی وەزیری نوێ هەوڵ دەدرێت كێشەكانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت، وتی ‘بۆ عادل عەبدولمەهدی كێشەكانی نەوت روون بووەتەوە و پەنا بەخودا لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو كێشانە چارەسەر دەبن’.
هاشم حوسێن جەختی لە سەر ئەوەكردەوە وەزیری نەوت هەست بەو خۆشەویستیە دەكات كە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو هەیە، گوتی ‘بەرێزیشیان خەڵكی هەرێمی كوردستانی خۆشدەوێت و رێزی بۆیان هەیە’.