لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی بەردی بناغەی پرۆژەی كۆمەڵگەی پەروەردەی هاوچەرخی لە گەڕەكی قالاوەی شاری سلێمانی دانا.
پرۆژەكە، لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیای قەڵاوە جێ بەجێ دەكرێت، نزیكەی 6 ملیارد و 30 ملیون دیناری لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی بۆ تەرخانكراوە و لەماوەی 720 رۆژدا پرۆژەكە تەواو دەكرێت.
كۆمەڵگەی پەروەردەی هاوچەرخی قالاوە پێكهاتووە لە: 2 بینای 18 پۆلی خوێندن، باخچەی ساوایان، یاریگا، پارك، پاركی ئۆتۆمبێل، وەرشە
لە كۆمەڵگەكەدا، سەرجەم ئەو پێداویستیانەی بۆ پەروەردەی منداڵ پێویستن لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا قۆناغی شەشەمی ئامادەی دەستەبەر كراوە .
لە میانی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكەشدا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەكە پێش چەند ساڵێك بریاری لەسەر درابوو،بەڵام بەهۆی هەڵە لە دیزاینەكەیدا پرۆژەكە راوەستابوو،دواتر لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە پێداچوونەوە بە دیزاینەكەیدا كرایەو جارێكی تر پرۆژەكە خرایەوە بواری جێ بەجێ كردن.
جێگەی باسە پێشتر لەمیدیاكانەوە وا بڵاو كرایەوە ئەو پرۆژەیە وەستاوە و پارەكەی دیارنەماوە، بەڵام وەك پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەكە بەهۆی هەڵەی دیزانینەوە راگیرابوو، چونكە لە دیزاینەكەدا تۆبۆگرافی زەوییەكە لە بەرچاو نەگیرابوو،دیزاینەكە لەگەڵ جۆری زەوییەكەدا نەدەگونجا، بەڵام دواتر لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە دیزانیەكە پێداچوونەوەی بۆكراو پرۆژەكە خرایەوە سەر رێڕەوی خۆی
.
ز.ر