بەهۆی دروستبوونی ترس لە سەربەخۆبوونی سكۆتلەندا لە بەریتانیاو لاوازبوونی گەشەكردنی هەناردەكاری دووهەم گەورەترین بەكاربەری نەوت لەسەر ئاستی جیهان كە بە بڕبڕەی پشتی ئابووری چین دادەنرێت، لە یەكەم خولی مامەڵەكردنی بۆڕسەی ئەم هەفتەیەدا بەهای پشكەكانی وۆڵ ستریت دابەزینیان تۆماركرد.
پێنوێنی داوجۆنزی پیشەسازی بەڕێژەی 0.15% دابەزینی تۆماركرد كە دەكاتە 25.94 خاڵ، بەم شێوەیەش پێنوێنی ناوبراوو كۆتایی بە مامەڵەكردنی خۆی هێنا لە ئاستەكانی 17.111.42 خاڵدا، بڕی 22 پشكی ڕووی لە دابەزین كردوو 8 پشكی بەرزبوونەوەی تۆماركرد كە كۆی پشكەكانی 30 پشكن.
هەروەها پێنوێنی ستاندەرد ئاند بورزی ئەمریكی بەڕێژەی 0.31% دابەزینی تۆماركرد كە دەكاتە 6.17 خاڵ، بەم شێوەیەش پێنوێنی ناوبراوو كۆتایی بە مامەڵەكردنی خۆی هێنا لە ئاستەكانی 2.001.54 خاڵدا، بڕی 335 پشكی ڕووی لە دابەزین كردوو 165 پشكی بەرزبوونەوەی تۆماركرد و 2 پشكی بێ گۆڕانكاری مایەوە.
پێنوێنی ناسداكی ئەمریكی كە لە لایەن بۆڕسەی ناسداكەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت بەڕێژەی 0.20% بەرزبوونەوەی تۆماركرد كە دەكاتە 9.39 خاڵ، بەم شێوەیەش پێنوێنی ناوبراوو كۆتایی بە مامەڵەكردنی خۆی هێنا لە ئاستەكانی 4.592.29 خاڵدا، بڕی 1390 پشكی ڕووی بەرزبوونەوە كردوو بڕی 1032 پشكی دابەزینی تۆماركردوو 132 پشكیشی بێ گۆڕانكاری مایەوە.
لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە پشكی كۆمپانیا ئەمریكیەكان، لەكۆتایی مامەڵەكردنی ڕۆژی دووشەمەدا هەر یەكە لە پشكەكانی كۆمپانیای Exxon mobil و Chevron بەڕێژەی 0.9% دابەزینیان تۆماركرد ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەهای پشكەكانی كەرتی وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بۆڕسەی وۆڵ ستریتدا.
هەروەها لەدوای هەڵسەنگاندنی بەهای پشكەكانی لەلایەن مۆڕگن ستانلیەوە، بەهای پشكەكانی كۆمپانیای فۆڕد مۆتۆرز بەڕێژەی 2% دابەزینی تۆماركرد و بەهای پشكەكانی یاهوو بەڕێژەی 5.6% بەرزبوونەوەی تۆماركرد، ئەم بەرزبوونەوەیەش لە بەهای پشكەكانی یاهوو بە سەركەوتووترین ئەدائی كۆمپانیای ناوبراوو دادەنرێت لەساڵی 2006ەوە.
سەبارەت بە پێنوێنی دۆلاری ئەمریكیش كە گوزارشت لە بەهای دۆلاری ئەمریكی دەكات بەرامبەر سەرجەم دراوە سەرەكیەكان، كاتژمێر 11.30 خولەك بە كاتی هەولێر پێنوێنی ناوبراوو لە ئاستەكانی 84.46 مامەڵەی دەكرد ئەمەش بە بەرزترین ئاستی دۆلاری ئەمریكی دادەنرێت لەماوەی ئەمساڵدا.
كاردۆ كمال شیكاری دارایی ئابووری لە كەناڵی نێت تیفی ڕایدەگەیەنێت كە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە تا ئاستەكانی 84.80 ئەم ئاستەش بە ئاستێكی بەرگری بەهێز دادەنرێت و لە ڕابردوودا هۆكارێك بووە بۆ گەڕانەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی، هەمان ئەم حاڵەتەش لە 7/7/2013 و 18/5/ 2013 ڕوویانداوە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەگەر بێت و دۆلاری ئەمریكی توانای شكاندنی ئاستەكانی 84.80 نەبێت ئەوا دووبارە بەهای دۆلاری ئەمریكی ڕوو لە دابەزین دەكاتەوە ئەمەش بە دەرفەتێكی زێڕین لە بەردەم بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراوەكاندا دادەنرێت.
لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە نرخی زێڕیش لە بازاڕەكانی جیهاندا ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە ئاستەكانی 1255$ بۆ هەر ئۆنسێك بە جێگیری مایەوە، هەفتەی ڕابردوو كاردۆ كمال شرۆڤەكاری بۆڕسە لە كەناڵی نێت تیفی پێشبینی دابەزینی نرخی زێڕ دا بە بازرگانان بۆ ئاستەكانی 1270$ پاشان 1255$ بۆ هەر ئۆنسێك هەروەها كاردۆ كمال ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر بێت و نرخی زێڕ سوود لە پاڵپشتی 1250$ بۆ هەر ئۆنسێك وەرنەگرێت ئەوا لەسەر ئاستی مامناوەند نرخی زێڕ دابەزینی زیاتر تۆمار دەكات بۆ ئاستەكانی 1244$ بۆ هەر ئۆنسێك.
ئابوری نێت