ژوری بازرگانی سلێمانی : موزایەدەی سیاسی بە ئابوری هەرێمەوە دەكرێت

سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رەخنە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و پێیوایە هێندەی موزایەدەی سیاسی بە قەیرانی بەنزینەوە دەكەن ئەوەندە هەوڵی جدی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە نادەن،دەشڵێت كە دەبێت حكومەت و پەرلەمان تەواوكەری یەكتربن ،چونكە ئەو قەیرانە پەیوەندی بە ئابوری هەرێمەوە هەیە و ناكرێت بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار بهێنرێت.
لەبەرامبەر قەیرانی بەنزین و شێوازی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی لەلایەن حكومەت و بەرلەمانی كوردستانەوە ،سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە سایتی ژوری راگەیاند: بەشێك لە نوێنەری لایەنە سیاسیە بەشداربوەكانی نێو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێندەی موزایەدەی سیاسی بەسەر قەیرانی بەنزینەوەدەكەن ،ئەوەندە هەوڵێكی ئابورییانەیان نەداوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ قەیرانەكە.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی یەكێتی ژورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستانیشە دەڵێت :دەبوایە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بۆچارەسەركردنی قەیرانی بەنزین راوێژیان بە ژورە بازرگانییەكانی هەرێم و ئابوریناسان بكردایە،”چونكە ئەو قەیرانە پەیوەندی بە لایەنی ئابورییەوە هەیە و نابێت موزایەدە بە ئابوری هەرێمەوە بكرێت “.
سیروان محەمەد دەشڵێت: چەندین وەبەرهێنمان هەیە و دەیان داواكارییان پێشكەش كردوە بۆ دروستكردنی پاڵاوتگەی ستانداردی جیهانی بەڵام تاوەكو ئێستا لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە .
سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی پێشنیار بۆ حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكات كە دەتوانرێت لە بڕی ئەم بڕیارەی ئێستای حكومەت كە نرخی بەنزین كراوە بە 900 دینار،دەتوانرێت مانگانە بڕێكی دیاری كراو بەنزین بە نرخی 400 دینار بدرێت بە شۆفێران و ئەگەر هەر شۆفێرێكیش لەمانگەكەدا لەو بڕە بەنزینە زیاتری پێویستبو بتوانێت بەنرخی بازرگانی بیكڕێت،بەبۆچونی سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەم شێوازە بۆ چارەسەرەكردنی قەیرانەكە زانستیانەیە و خزمەت بە ئابوری هەرێم دەكات .