زه‌ڵمای خه‌لیلزاد، نێرده‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق و ئه‌فغانستان، روبه‌ڕووی لێكۆڵینه‌وه ده‌بێته‌وه، به‌تۆمه‌تی “سپیكردنه‌وه‌ی پاره” له‌رێگه‌ی حسابی بانكی تایبه‌ت به خێزانه‌كه‌ی له ڤیه‌ننا، به‌پێی چه‌ند راپۆرتێكی نه‌مسایی.
خه‌لیلزاد (63) ساڵ، تۆمه‌تبارده‌كرێت به گواستنه‌وه‌ی 1.4 ملیۆن دۆلار بۆ سه‌ر حسابی خێزانه‌كه‌ی له نه‌مسا، به‌پێی گۆڤاری (بروفیل).
به‌پێی راپۆرته‌كان، پاره گواستراوه‌كان بۆ نه‌مسا، په‌یوه‌ندیان به كۆمپانیاكان له‌عێراق و ئیماراته‌وه هه‌یه.
خه‌لیلزاد نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو بۆ عێراق و ئه‌فغانستان له‌نێوان ساڵانی 2003 – 2007.
به‌پێی سه‌رچاوه نه‌مساییه‌كان، چاوه‌ڕوانده‌كرێت خه‌لیلزاد له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكاوه له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
به‌پێی گۆڤاری (بروفیل) به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ مانگی ئایاری 2013، ده‌ریده‌خه‌ن، كه ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌مسایی چه‌ند حسابێكی بانكیان له ڤیه‌ننا بلۆككردووه، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خێزانه‌كه‌ی خه‌لیلزاد به‌ناوی (تشیریل بینارد) كه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئه‌مه‌ریكی – نه‌مساییه.
پارێزه‌ری بینارد رایگه‌یاند ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا، “به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ریان” له‌دژی موه‌كیله‌كه‌یان پێشكه‌ش نه‌كردووه.
زه‌ڵمای خه‌لیلزاد له‌ساڵی 1951 له‌ئه‌فغانستان دایكبووه، له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له به‌یروت خوێندویه‌تی، له زانكۆی شیكاگۆ بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌سهێناوه.
بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵی 1980 له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی به‌كاركردن كرد، له‌سه‌رده‌می رۆنالد ریگان و جۆرج بوش.
دوای هێرشه‌كانی 11 سێپته‌مبه‌ر، خه‌لیلزاد بووه راوێژكارێكی باوه‌ڕپێكراوی جۆرج ده‌بیلو بوش له ئه‌فغانستان و بووه باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له كابول له‌ساڵی 2003 تا ساڵی 2005 له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه.
دواتر كرایه باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق تا ساڵی 2007 له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه. پاشان ره‌زامه‌ندی كۆنگرێسی وه‌رگرت و پۆستی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌رگرت.
دوای بردنه‌وه‌ی باراك ئۆباما له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی 2008، خه‌لیلزاد ده‌ستیدایه كاروباری تایبه‌ت به‌خۆی.
خه‌لیلزاد به‌یه‌كێك له داڕێژه‌رانی پلانی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانی بۆ سه‌ر رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسه‌ین له‌عێراق له‌ساڵی 2003 داده‌نرێت.