بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەكدارانی رێکخراوی داعش و هێزەكانی پێشمەرگە، بازاڕی جلوبەرگ و كاڵا سەربازییەكان لە شاری سلێمانی گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ.
لەناو یەكێک لە كوچەكانی بازاڕی دارە سوتاوەكەی شاری سلێمانی، چەند دوكانێكی تایبەت بە فرۆشتنی جلوبەرگ و كاڵا و پێداویستییە سەربازییەكان هەیە و لە لایەن حكومەتەوە بە رەسمی مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە و رۆژانە دەیان كەس سەردانیان دەكەن.
خاوەن ئەو دوكانانە باس لەوە دەكەن کە بازاڕی ئەوان تایبەتە و هەموو كەس سەردانیان ناكا و تەنیا ئەو كەسانەی لە ریزی هێزە ئاسایش پارێزەكان كار دەكەن رێیان دەکەوێتە ئەو دوكانانە، بەڵام لە كاتی شەڕ و جەنگەكاندا جیاواز لە رۆژەكانی دیکە، زۆر كەس سەردانیان دەكەن.
هۆشیار رەحیم خاوەنی یەكێكە لە دوكانەكان و ماوەی 12 ساڵە ئەو كارە دەكا، ئەو دەڵێ کە خوازیاری ئاشتی و دووركەوتنەوەیە لە شەڕ و نەهامەتی لە هەر جێگەیەكی جیهاندا بێ، بەڵام كارەكەی تایبەتە بە فرۆشتنی كاڵا و جلوبەرگی سەربازیی و رۆژانە لەگەڵ كڕیارەكانی مامەڵە دەكا.
هۆشیار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “زۆربەی ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن لە ئێستادا لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئەو كەسانەن کە وەك خۆبەخش دەچنە بەرەكانی جەنگەوە، ئەوان پێداویستییە تایبەتەكانی شەڕ دەكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن.”
ئەو ئاماژە بەوە دەكا بازاڕ و كڕیارەكانیان تایبەتن و لە ماوەی ئەو 11 ساڵەدا تەنیا لە كاتی جەنگی ئەمریكا بۆسەر عێراق لە ساڵی 2003، هەروەها ماوەی ئەم دوو مانگەی رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی داعش بازاڕیان بە رێژەی لە سەدا 80 زیادیكردووە.
ئەو كەسانەی سەردانی ئەو دوكانانە دەكەن و كاڵاكان دەكڕن زیاتر خواستیان لەسەر ئەو كاڵایانەیە كە پێشتر پێشمەرگە لە شاخ بەكاریان دەهێنا، لەوانەش كۆڵەپشت و شایلە و تاقمی مەخزەن و دەبەی ئاو.
جگە لەوەش ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانیش لەو ماوەیەدا سەردانی ئەو بازاڕەیان كردووە و چەند پێداویستییەكانی بەرەكانی جەنگ لەوانەش بەرگی گولەنەبڕیان كڕیوە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە كاتی رووماڵكردنی هەواڵی بەرەكانی جەنگدا.
هاوڵاتییەك لە كاتی كڕینی پۆشاكێكی سەربازیدا گوتی: “سبەی بە نیازی سەردانی یەك لە بەرەكانی جەنگم، پێمخۆشە بە جلێكی سەربازییەوە و وەك هاوسۆزییەك بچمە لای هێزەكانی پێشمەرگە.”
ئانادۆڵ