وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: لە چەند ساڵی داهاتوودا عێراق لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانیدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی خۆی بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزدەكاتەوە.
عەبدولكەریم لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە ئاهەنگی كردنەوەی كێڵگەی نەوتی حەلفایە لە پارێزگای میسان رایگەیاند، لە عێراق زیاتر لە 175 كێڵگەی نەوت و گاز هەن، كە بەشێكیان كاردەكەن و بەشێكیان ئێستا كاری تێدا ناكرێت.
هەروەها لعێبی ئاماژەی بەوەشكرد، لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەكەینەوە و دەگات بە 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە عێراق لە مانگی ئابدا تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاوی گەیشتبووە 2.375 ملیۆن بەرمیل، لە كاتێكدا لە مانگی تەمموزی رابردوو رۆژانە 2.442 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەمەش عێراق لە مانگی ئابدا 60 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی كەمكردووە.
ز.ر