حكومه‌ت نرخی‌ به‌نزینی‌ بازرگانی‌ داده‌به‌زێنێت

حكومه‌ت نرخی‌ هه‌ر لیترێك به‌نزینی‌ بازرگانی‌ بۆ ١٢٠٠ دینار داده‌به‌زێنێت، به‌نزینی‌ حكومیش به‌نرخی‌ ٩٠٠ دینار له‌ ٢٧ ویستگه‌ دابه‌شده‌كرێت.
جه‌مال عه‌لی‌، به‌رێوه‌به‌ری‌ دابه‌شكردنی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، نرخی‌ به‌نزین ئێستا بۆ ته‌كسی‌‌و پاس ٥٠٠ دیناره‌‌و بۆ تایبه‌ت بوه‌ به‌ ٩٠٠ دینار، به‌نزینی‌ بازرگانی‌-یش نرخی‌ له‌ ١٢٥٠ دیناره‌وه‌ بۆ ١٢٠٠ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌. 
وتیشی‌، له‌ئێستادا به‌رهه‌می‌ سوته‌مه‌نی‌ به‌شی‌ پێویست دێته‌ سلێمانی‌‌و كیشه‌مان نیه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژانه‌ بری‌ ته‌واو دابین ده‌كه‌ین. 
له‌ 31ی‌ ئابی‌ رابردو له‌دوه‌م قۆناغی‌ زیادكردنی‌ نرخدا، حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاری زیادكردنی‌ نرخی‌ به‌نزینیدا‌و به‌هۆیه‌وه‌ نیگه‌رانی‌‌و ناڕه‌زایی‌ گه‌وره‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌‌و له‌شاره‌كانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌‌و چه‌ندین شارۆچكه‌دا هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.
جه‌مال عه‌لی‌، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌، ٢٧ ویستگه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ به‌نزین به‌سه‌ر ئۆتۆمبیلی‌ تایبه‌ت به‌ ٩٠٠ دینارو ٩ ویستگه‌ش به‌ ٥٠٠ دینار تایبه‌ت به‌به‌نزینی‌ ته‌كسی‌‌و پاس ته‌رخانكراوه‌.
 
ز.ر