تانەر یڵدز ، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند هەرێمی کوردستان تا ئێستا 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە جەیهانەوە بەرەو بازارە جیهانییەکان هەناردەکردووە.
وەزیری وزەو سامانە سرووشتییەکانی تورکیا هەروەها رایگەیاند 13 هەمین کەشتی نەوت هەڵگری هەرێمی کوردستان لە جەیهانەوە بارکراوە بۆ بازارە جیهانییەکان.
راشیگەیان:”رێژەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 180 هەزار بەرمیل.”
بەپێی هەندێ سەرچاوە تاکتیکی هەرێمی کوردستان لە بارکردنی نەوت لە جەیهانەوە گۆڕدراوە لە جیاتی کەشتی نەوتهەڵگری گەورە، کەشتی بچووکتر بە رێژەیەکی کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراوی باشووری کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە دەگوازێتەوە بۆ بازارەکانی جیهان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهاتووی خۆی لە باشووری کوردستان.
ز.ر