ئابووریناسێك ڕایدەگەیەنێت: ئاماژەكان وادەردەكەون، هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی مووچە و هەناردەكردنی نەوت بگەنە ڕێككەوتن، دەشڵێت: “ئەوەی لە كوردستان ڕوویداوە هەڵئاوسانە و لە بەرامبەریشدا بێكاری و سستبوونی ئابووری هەیە”.
محەمەد ڕەئووف ؛مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی؛ بە (تۆڕی میدیایی خەڵك) ڕایگەیاندوە: “هەموو لایەك لە چاوەڕوانی ئەوەدان هەرێم و بەغداد ڕێكبكەون و بارودۆخەكە ئاسایی بێتەوە و قەیرانی دارایی هەرێمیش بەرەو چارەسەركردن بڕوات”.
ئاماژەی بەوەش كرد: “ئەو ڕێككەوتنە دەبێت بە سازشی هەردوولا بێت، ئەوكات حكومەتی ناوەند بودجە دەنێرێت و هەرێمیش لە ڕێگەی بەغدادەوە نەوت هەناردە دەكات”.
ئەوەشی خستەڕوو: “ئەگەر هەرێم ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد نەكات، ئەوا مایەپووچ دەبێت و بارودۆخەكە زیاتر قوڵتر دەبێتەوە و تەقینەوەی جەماوەری بەدوادا دێت”.
وتیشی: “دروست كردنی ئەم قەیرانانە بۆ ئەوەیە تا هەندێك كێشەی دیكە لەبیر هاوڵاتیان بەرنەوە، دروست كردنی كێشە و چارەسەركردنی، هەندێك جار پاڵەوان دروست دەكات”.
باسی لەوەش كرد: “ئەوەی لە كوردستان ڕوویداوە هەڵئاوسانە و لە بەرامبەریشدا بێكاری و سستبوونی ئابووری هەیە”.